کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی ئاوی کرماشان؛ لەنێوچوونی سەرچاوە ئاوییەکان لەژێر سێبەری سیاسەتە ناکارامەکانی ڕێژیم

11:56 - 4 بەفرانبار 2725

بەڕێوبەری کۆمپانیای ئاوی ناوچەیی کرماشان، سەبارەت بە مەترسیی کەبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان هۆشداریی داوە، بەڵام ڕاستییەکان دەرخەری ئەوەن کە کەمیی ئاو لە کرماشان نەک هەر هۆشدارێکی نوێ نییە، بەڵکوو لە ئەنجامی چەندین ساڵ خراپ بەڕێوەبردن، بڕیاردانی کتوپڕ و نەبوونی پلانی سەقامگیر لە پێکهاتەی بەڕێوەبەریی ئاودایە.

بەهرام دروێشی ئاماژەی بە بارودۆخێکی نالەبار سەبارەت بە ئاوە ژێرزەمینییەکان کرد و ڕایگەیاند کە زۆربەی دەشتاییەکانی ئەم شارە بەرەوڕووی دابەزینێکی بەرچاو لە ئاوی پاشەکەوتکراو بوونەتەوە.

بەپێی داتا فەرمییەکان، کەمیی ئاوە پاشەکەوتکراوە ژێرزەمینییەکان لە دەشتەکانی کرماشان گەیشتوەتە نزیک بە یەک میلیارد و ٤٦٠ میلیۆن میتری چوارگۆشە و ساڵانە نزیک لە ٤٠ تاکوو ٧٠ میلیۆن میتری چوارگۆشە ئاوی زیادە لە پێویست بەکار دەهێنرێت.

ئەم ژمارانە لە شارێک تۆمار دەکرێت کە ٩ مانگ لە ساڵدا لە سەرچاوەی ئاوی بێبەش دەبن و ڕێژەی بەهەڵموونی نزیکەی لەسەدا ٧٠یە؛ بەم حاڵەوە سیاسەتەکانی ڕێژیم بە درێژایی چەندین دەیە لەسەر پەرەدان بە وەرزیڕیی پڕئاو، هەڵکەندنی سەرەڕۆیانەی بیری ئاو و کەمتەرخەمی لە گۆڕینی شێوازی بەکارهێناندا بەرەوڕوویە.

مەترسیی ڕۆچوونی زەوی لە دەشتەکانی وەکوو حەسەن ئاوا- شیان، کە بەپێی هۆشداریی بەرپرسانی ڕێژیم قەرەبوو ناکرێتەوە نموونەیەکی بەرچاو لە دەرئەنجامە هەڵەکانی ئەم بڕیارانەیە.

لەلایەکی دیکەوە، بەتاڵ‌مانەوەی بەشێکی بەنداوەکانی شار و نیگەرانی لەبارەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هەندێک بەشی شارەکە، ناکارامەیی لە سیاسەتی دروستکردنی بەنداو بەبێ پشتیوانی ئاو بەرجەستە دەکاتەوە.

پڕۆژە تەواونەکراوەکان، بەڵێنە دووبارەکان بۆ گرتنەوەی ئاوی بەنداوەکان و هیوابەخشین بە پڕۆژە دوورمەوداکان، لەکاتێکدا باس دەکرێن کە سەرچاوە بەردەستەکان بە شێوەیەکی نیگەرانکەر ڕوو لە لەناوچوونن.

گرفتی کەمیی ئاو لە کرماشان، ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی شکستی سیاسەتەکانی ڕێژیم لە بەڕێوەبردنی دادپەروەرانە و زانستییانەی سەرچاوەی ئاوە.