کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهێزکردنەوەی باسکی ئیدئۆلۆژیکی ڕێژیم لە سێبەری قەیرانە ئابوورییەکاندا

12:28 - 4 بەفرانبار 2725

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم لەمەڕ گەڵاڵەی بوودجەی ١٤٠٥ی پێشنیارکراوی دەوڵەتی چواردەیەم بە مەجلیسی ڕێژیم، بوودجەی دەنگوڕەنگی ڕێژیم بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو ٢٠ لەسەد زیاد دەکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش ٣٣ هەزار ٥٠٠ میلیارد تمەن بوودجەی بۆ تەرخان کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی بەفرانباری ١٤٠٤، گەڵاڵەی بوودجەی ١٤٠٥ی هەتاوی لەلایەن سەرۆککۆماری ڕێژیم مەسعوود پزشکییانەوە دراوەتە مەجلیس و سەرەڕای ناکۆکیی نێوان دەنگوڕەنگی ڕێژیم و دەوڵەتی پزشکییان، بەمەبەستی پڕوپاگەندە و بڵاوکردنەوەی ئیدۆلۆژیی ئایینیی زیاتر، بوودجەی ئەو ناوەندە چەواشەکارەی ڕێژیم ٢٠ لەسەد زیادی کردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی "ئیلنا"ی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە لە کۆبوونەوەی دەوڵەتی پزشکییاندا کە ڕۆژی چوارشەممە بە سەرۆکایەتیی مەسعوود پزشکییان بەڕێوە چووە، لەبارەی چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی هەندێک لە ڕێوشوێنەکانی دەنگوڕەنگی ڕێژیم ناتەبایی و ناکۆکی لەنێوان هەندێک لە ئەندامانی دەوڵەتی چواردەیەم و بەرپرسانی دەنگوڕەنگی ڕێژیمدا ڕووی داوە.

ئەو هەواڵدەریی ڕێژیم ئاماژەی بەوە داوە کە هەندێک لە بەرنامەکانی دەنگوڕەنگی ڕێژیم بەپێی خواستی دەوڵەتی پزشکییان نییە و دەوڵەتی پزشکییان لە کارکردی ئەو ناوەندە ڕازی نین و ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو ناکۆکی و ناتەباییانە ڕوویان لە زیادبوونە.

ئیلنا لەو کۆبوونەوەیەدا باسی لەوە کردووە کە پەیمان جەبەلی سەرۆکی ناوەندی دەنگوڕەنگی ڕێژیم، لە بەرانبەر هەندێک بڕیار و هەڵسوکەوتی دەوڵەتی پزشکییان کاردانەوەی توندی هەبووە و ئەو ناکۆییانە لە ئاستێکدایە کە چیتر ڕێگە بە ڕووماڵکردنی ئەو کۆبوونەوە نەدراوە.

ناکۆکی و ناتەباییەکانی نێوان ناوەندی دەنگوڕەنگی ڕێژیم و دەوڵەتی پزشکییان لە ئاستێکدایە کە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا کارناسێکی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە وەشانی ڕاستەوخۆدا ئاماژەی بە مەسعوود پزشکییان کرد و وتی: "ئێمە شەرم دەکەین بڵێین ئەو کەسەی لێدوان دەدات، سەرۆککۆماری ئێمەیە".

هەروەها لە بەرانبەردا لایەنگرانی دەوڵەتی پزیکییان هۆکارەکانی دژایەتیی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە چاوی وەحید جەلیلی برای سەعید جەلیلی ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم دەزانن و پەیمان جەلەبی بە بووکەڵەی دەستی سەعید جەلیلی لە قەڵەم دەدەن.

شایانی باسە دەنگوڕەنگی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەپێی پلەبەندییە جیهانییەکانی بواری ڕاگەیاندن، بە یەکێک لە چەواشەکارترین و درۆزنترین میدیاکانی جیهان بە ئەژمار دێت و هیچ میدیایەکی جیهانی و بەناوبانگ هەواڵ و ڕاپۆرتەکانی دەنگوڕەنگی ڕێژیم بەهەند وەرناگرن و تەنیا ئەرکی ئەو ناوەندە بڵاوکردنەوەی ئیدۆلۆژیی ئایینیی ڕێژیمە و لەپێناو بەرژەوەندییەکانی ڕێبەری ڕێژیمدا هەنگاو دەنێت و زیادکردنی بوودجەی ئەو ناوەندە بە واتای چەواشەکاری و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی زیاترە.