
ئاسۆ مینبەری
ژن لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا ڕۆڵێ بەرچاو و چالاکانەی هەیە. ئەم ڕۆڵە لە مێژووی حیزبی دێموکراتدا، چەندلایەنە بووە و ژنان هەم لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەم لە بواری خەباتی چەکداری و فەرهەنگیشدا توانیویانە ڕۆڵی گرینگ و ئەرێنی بگێڕن. ڕۆڵی ژنان دەکرێ لە سێ بواری جیاوازدا لێکدانەوەی بۆ بکرێ.
یەکەم بەشداریی مێژوویی و ڕێکخراوەیی ژنان لە حیزبی دێموکراتە. ئەم بەشدارییە سیاسی – تەشکیلاتییە بە دامەزرانی یەکیەتیی ژنان لە سەردەمی کۆماری کوردستادا بیچمی گرت و بەم شێوەیە حیزبی دێموکرات بوو بە خاوەنی کۆنترین ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. ئەم ڕێکخراوەیە لە ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٢٤ی هەتاویدا و لە کاتێکدا دامەزرا کە کۆمەڵگەی ئەوکات، کۆمەڵگەیەکی نەریتی بوو و ئاستی خوێندەواریی ژنان تێیدا نزیک لە سیفر بوو، کەوایە حیزبی دێموکرات لەم بڕگە مێژووییەدا توانیی بە دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەیە، بەفەرمی و بە کردەوە ژنان بێنێتە نێو مەیدامی خەباتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەشکیلاتییەوە و ژنان خۆیان لەم بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەیەدا ببیننەوە.
ئامانجی حیزب لە دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەیە جیا لە بەشداریپێکردنی سیاسیی ژنان، بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی کۆمەڵایەتی و مافی ژنان لە کۆمەڵگەیەکدا بوو کە بەهۆی پێکهاتەی نەریتی و پیاوسالارەوە، دەرفەتی یەکسانیی لە ژنان ئەستاندووە.
دووهەم ڕۆڵی ژنان لە خەباتی چەکداری و بەرگری لە شوناسە. ژنی کورد بە درێژایی مێژوو لە ڕووداوە گرینگەکاندا ڕۆڵی هەبووە و لە حیزبی دێموکراتیشدا لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی چەکداریدا، ڕۆڵێ گێراوە. ژن لەم حیزبەدا پەروەردەی نیزامیی تێپەڕاندووە و بۆ بەرگری لە حیزب دژی داگیرکەرانی کوردستان، بەشداریی کردووە.
لە ڕاستیدا بەشداریی ژنان لە ڕیزی خەباتکارانی ئەم حیزبەدا، بەشێک لە هەوڵە بەرفراوانەکان بۆ بەرگری لە مافی نەتەوەیی و داکۆکی لە ئازادی و شەڕی ناسنامە بووە.
هاوکات لەگەڵ ئەمانە ژن لە وێژمان و خەباتی مەدەنیشدا چالاکانە بەشدارییان هەبووە و لێکۆڵینەوەکان نیشانی دەدەن کە ژنان لە قۆناغە جیاوازەکاندا، لەوانە سەردەمی کۆماری کوردستان، چالاکییە مەدەنییەکان، ڕۆژنامەوانی و بەرزکردنەوەی وشیاریی سیاسیدا ڕۆڵیان هەبووە.
لە وێژمانی حیزبی دێموکراتدا، ژن بایەخی تایبەتی خۆی هەیە. لە بەرنامەی ئەم حیزبەدا ژن وەکوو مرۆڤ پێناسەی بۆ دەکرێت و قەت لە هیچ بەڵگە و دێکۆمێنتێکی حیزبیدا نابیندرێ کە باسکردن لە ژنی پێشمەرگە، پێناسەیەکی جیاوازی لەگەڵ پێناسەی گشتیی پێشمەرگە هەبێت.
لە حیزبی دێموکراتدا ژن وەک مرۆڤێکی سەربەست و خاوەن ڕا، وەک کەسایەتییەکی خاوەن ئیرادە ناسراوە و بە یەکسانی لەگەڵ پیاوان باسی ماف و ئەرک و ئازادییەکانی کراوە.
لە دیسکۆرسی حیزبی دێموکراتدا، ژنان نەک بە شێوەی هێمایین بەڵکوو بەشێوەی ئەکتەرێکی کارا، ڕۆڵی سەرەکییان لە گۆڕانکارییەکاندا هەیە.
ئەوان لە پرسەکانی پەروەردە و فێرکاری و پەرەدان بە ئاگایی و بەشداریی سیاسیی خۆیان و هەروەها وەک ئەکتەرێکی چالاک لە بواری چەکداریشدا لە ڕیزی پێشمەرگایەتیدا بەرگرییان لە ماف و ئازدییەکانی نەتەوەکەیان کردووە.
بۆیە جێگای خۆیەتی کە لە بۆنەیەکی وەک ٢٦ی سەرماوەزدا کە بە ڕۆژی پیشمەرگەی کوردستان ناسراوە، ئاورێک لە تێکۆشان و خەباتی ژنان لەپێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکاندا بدەینەوە و هاوکات، پێداگری لەسەر ڕۆڵی حیزبی دێموکرات لە پەرەدان بە بوون و بەشداریی ژنان لەم گۆڕەپانەدا بکەینەوە.
٢٦ی سەرماوەز دەتوانێ دەرفەتێک بێت بۆ وەردانەوەی ڕووداوەکان و دەستنیشانکردنی خاڵە لاواز و بەهێزەکانی بەشداریی ژنان لە خەباتی حیزبی دێموکراتدا، ئەمە ئەتوانێ دەرفەتێک بێت تاکوو ژنان بە خەسارناسییەکی واقعبینانە، زیاتر لە ڕابردوودا هەوڵ بۆ بەشداریی کردەیی لە مەیدانی خەباتدا بدەن و لەلایەکی دیکەوە هەوڵ بدەن کە بە بردنەسەرەوەی ئاستی توانایی و خوێندەواریی خۆیان، ئەرکی قورستر لە ڕابردوو لە ئەستۆ بگرن.
پێشمەرگەی ژن لە حیزبی دێموکراتدا، بەشێکی جیانەکراو لە خەباتی ئەم حیزبەیە و بێگومان بوون و بەردەوامیی ئەتوانێ کاریگەریی زۆری لەسەر دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆیان و هەروەها گەشەکردنی حیزبی دێموکراتیش هەبێت.