بەپێی ڕاپۆرتی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، هەر لیترێک بێنزینی سووپەری هاوردەکراو، لە وێستەگە گەڕۆکەکان بە ٨٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێت.
بە لەبەرچاوگرتنی گەڕۆکبوون لەم شوێنانە و تێچووە لاوکییە پێوەندیدارەکانی و هەروەها نەبوونی ئیمکان بۆ وەرگرتنی بێنزین لەلایەن بەکارهێنەرانەوە، بۆ هەر جارێک لە وەرگرتنی بێنزین، بڕی ٢٥٠ هەزار تمەن وەکوو تێچووی خزمەتگوزاری وەردەگیرێت.
بەم پێیە، نرخی باکێکی ٦٠ لیتریی بێنزینی سووپەر چوار ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەنە، کە تێچووی پڕکردنەوەکە بۆ کڕیاران دەگاتە زیاتر لە پێنج ملیۆن تمەن، هەروەها نرخی باکێکی ٤٠ لیتری بێنزینی سووپەر سێ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەنە، بەپێی تێچووی پڕکردنەوەکە، هەر بەکارهێنەرێک بە شێوەیەکی گشتی بڕی سێ ملیۆن و ٤٥٠ هەزار تمەن پارە دەدات.
نرخی سوتەمەنیی کەرەستەکانی هاتوچۆ بەتایبەت بێنزین، بۆ ماوەی چەند ساڵێکە ڕۆژبەڕۆژ ڕووەو بەرزبونەوەیە، ئەم پرۆسەیە بۆ هاووڵاتییانی ئێران و بەتایبەت چینە کەم داهاتەکان بووەتە قەیران.
جێی ئاماژەپێکردنە، گرانیی بێنزین لە ساڵی ١٣٩٨، کە ناڕەزایەتیی سەرانسەری بەدوادا هات و بووە هۆکاری برینداربوون، گیران و کوژرانی هەزاران ناڕازی بەڵگەیەک بووە بۆ دەرخستنی ئەم تاوانەی ڕێژیمی ئێران.