بەپێی ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان، دەرەنجامی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەلایەن لاوەکان و بەردەوامیی ئەو دیاردە کارەساتبارە، بەکارهێنەران تووشی کێشەی دەروونی بوونەتەوە و ئەو ڕێژەیەش هەتا بێت بەرەو هەڵکشان دەچێت.
ڕۆژنامەی "ئێعتماد"ی ڕێژیم لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، لاوانی ئێرانی تووشی تووڕەیی و پەشێوی کردووە و ئەو لاوانەی کە پێشینەی تێکچوونی باری دەروونییان نەبووە لە دوای بەکارهێنانی ئەو ماددەیە تووشی ئەو حاڵەتانە بوون و ئەو ڕێژەیەش لە ئاستێکی جێگای مەترسیدایە.
هەر لەو پێوەندییەدا، تیمی دەرمانی نەخۆشخانەیەکی دەروونناسی لە تاران ڕایانگەیاندووە کە لە کۆی ١٠٠ تەختی ئەو نەخۆشخانەیە، ١٥ هەتا ٢٠ لەسەدی تایبەت بە جۆری تێکچوونە دەروونییەکان بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوەیە.
ئەو تیمە پزیشکییە باسیان لەوە کردووە کە لە ساڵی ١٤٠٤دا ڕێژەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و حاڵەتەکانی تێکچوونی بواری دەروونی بەنیسبەت ١٠ ساڵی ڕابردوووە بێوێنەیە.
ئەوپەڕی کارەساتی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بەتایبەت لەنێو منداڵان و مێرمنداڵان لە ئێراندا لە ئاستێکدایە کە بەرپرسانی نەخۆشخانە دەروونییەکان لە هەوڵی جیاکردنەوەی بەشێکی تایبەت بە بەشی تووشبووانی ماددەی هۆشبەر تایبەت بە لاوان و مێرمنداڵانن.
هەروەها لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا، کامبیز سوڵتانینژاد، پسپۆڕی ژەهرناسی بە ئاماژەدان بە پەرەسەندنی بەکارهێنانی گوڵ لەنێو لاوان و منداڵاندا هۆشداریی دا و وتی لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێت چاوەڕوانی "سۆنامیی ئێسکیزۆفێرنی" بین.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بەشێوەی سیستماتیک دیاردەی تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر لەنێو کۆمەڵگە بەتایبەت لاواندا خەریکی پەرە سەندنە.