ڕۆژی شەممە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٢٩/١١/٢٠٢٥)، مام ئەحمەد ڕەسووڵی ناسراو بە ئەحمەدی خاڵە حەمەی کاکە مەری، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی لە نەخۆشخانەی شاری مۆس لە وڵاتی نۆروێژ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مام ئەحمەد لە ساڵی ١٣٢٢ی هەتاوی لە گوندی "حەسەن چەپ"ی ناوچەی مەنگوڕایەتیی شاری "مەهاباد" لەدایک بووە و لە ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی لە ڕێگای شەهید سولەیمان موعینییەوە پەیوەندیی تەشکیلاتی بە حیزبی دێموکراتەوە گرتووه.
کۆچکردوو لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی و لە دوای شەڕی شاری نەغەدە، لە گوندی "دێبۆكر" خۆی دەگەیەنێتە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و لەو کاتەوە بەفەرمی دەبێتە پێشمەرگە.
مام ئەحمەد لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا یەکێک لە کادرە ماندوونەناس و بەتواناکانی خەبات و مرۆڤێکی نموونەی خۆڕاگری و ئەخلاق بوو.
ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لە کردەوەیەکی تێرۆریستیدا لە "ئەستیرۆکان" و لەکاتی گەڕانەوەی پاسێکی حیزبی بۆ دەفتەری سیاسی، تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی پاسەکە دەتەقێننەوە و بەداخەوە سێ کەس شەهید دەبن و مام ئەحمەد چەندین کەسی دیکەش بەسەختی بریندار دەبن.
کۆچکردوو لە ساڵی ٢٠١٠ی زاینی خۆی دەگەیەنێتە وڵاتی نۆروێژ و تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەک ئەندامێکی حیزبی لەو وڵاتە چالاکانە ئەرکە حیزبییەکانی خۆی بەڕێوە دەبرد.ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.