بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیرنا، ڕۆژی هەینی ٥ی بەفرانبار دوکتور ئەمیر مێرسا جێگری بەشی خۆراک و دەرمانی ڕێژیم، بە چەواشەکارییەوە وتوویەتی کە ئەو کەمییانەی کە سەبارەت بە دەرمانەکانی شیمی دەرمانی باسی لێ کراوە پێوەندیی بە هەندێک لە برەندە بیانییە تایبەتەکانەوە هەیە کە بە دڵخۆشییەوە بۆ دابینکردنییان لە بەرهەمهێنە نێوخۆییەکان کەڵک وەردەگرین و نەخۆشەکانیش بەردەوام دەرمان وەردەگرن.
ئەم وتانە لەکاتێکدان کە لە ڕۆژانی ٢٦، ٢٨ و ٢٩ی سەرماوەزی ئەمساڵدا لە ڕاپۆرتگەلێک بە ناونیشانی شێرپەنجە و کەمیی دەرمان لە کوردستان، ئازاری دووقات لەژێر سێبەری بەڕێوەبەریی ناکارامە، کەمیی میزۆپرۆستۆل لە نەخۆشخانەکانی سنە، کێ بەرپرسیاری گیانی دایکەکانە؟، کاتێک دەرمانە گرینگەکان گیرناکەون، نەخۆشەکانی شەکرە لە گەمارۆی کەمیی ئەنسۆلیندان، بە شێوەی ڕاستەوخۆ و بە بەڵگەوە باس لە کێشەی نەخۆشەکان و کەمیی دەرمان لە دەرمانخانەکان لە سنە کرا.
کەمیی دەرمان بۆ نەخۆشییە تایبەتەکان لەوانە: شێرپەنجە، شەکرە و ژنانی دووگیان، ئامار و ڕەقەمێک نییە بەڵکوو کێشەیەکە کە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە گیانی مرۆڤەکانەوە.
مێرسا وتوویەتی کە کوردستان لە ئاخرین پارێزگاکان بووە کە بەرەوڕووی کەمیی حەبی میزۆپرۆستۆل بووە و پێش تەواوبوونی پاشکەوتی دەرمانەکانیش ناوبراو هۆشدارەکانی سەبارەت بە کەمیی ئەم دەرمانانە بۆ ڕێکخراوەکە ناردووە، بەڵام لە ڕاستیدا ڕیزە دروورودرێژەکانی وەرگرتنی دەرمان، جیرەبەندی و نیگەرانی لە راگیرانی دەرمان بووەتە بەشیک لە ژیانی ڕۆژانەی تووشبووان بە نەخۆشی شەکرە.
وتوویژێکی هەواڵدەریی تەسنیم لە کوردستان لەگەڵ نەخۆشەکان دەری خستووە کە کەمیی دەرمان لە زۆربەی بابەتەکاندا کاتی نییە بەڵکوو بەردەوام و درێژخایەنە، دەرمانگەلێک کە ڕۆلی سەرەکییان لە بەردەوامی یان ڕاگیرانی ڕەوتی چارەسەرکردندا هەیە.
دەرمانەکان یان لە دەرمانخانە دەوڵەتییەکان دەست ناکەون یان دوادەکەون و بە جیرەبەندی ناڕوونەوە بڵاو دەکرێنەوە. ئەم دۆخە نەخۆشەکانی ناچار کردووە ڕوو لە بازاری ئازاد بکەن کە نرخی دەرمانەکان لەوێ دوو هێندە زیاد کراوە و کڕینی دەرمانەکان بۆ هەندێک لە بنەماڵەکان دژوارە و ناتوانن بیکڕن.