لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەکانی گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە بۆ خۆڕێکخستنەوە و خۆبەهێزکردنەوەیان بە هاوکاریی ڕێژیمی تاران، ماڵپەڕێکی ئیسرائیلی وردەکاریی زیاتری لەبارەی خۆ بەهێزکردنەوەی بواری سەربازیی ئەو گرووپانە بەتایبەت حەماس بڵاو کردەوە.
ماڵپەڕی "وای نێتـ"ـی ئیسرائیلی لە دووتوێی ڕاپۆتێکدا ئاماژەی بە چالاکییەکانی حەماس لە پێوەندیی لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی توونێل، بەهێزکردنی بواری سەربازی، بەدەستهێنانی چەکی پێشکەوتوو و ڕاهێنان بە هێزی نوێ بەتایبەت لەنێو منداڵان کردووە.
ئەو ماڵپەڕە ئیسرائیلییە لەو ڕاپۆرتەدا باسی لە نیگەرانییەکانی ئیسرائیل لەوبارەوە کردووە و نووسیویەتی: "ئەگەری هەیە ئیسرائیل کاردانەوەی توند و ڕێکاری تایبەت لەو بوارەوە بگرێتە بەر".
ئەو ماڵپەڕە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: "سێ بەربەستی سەرەکی لەمەڕ ڕێککەوتننامەی کۆتایی لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بوونی هەیە؛ یەکەمیان چەککردنی حەماسە".
هەروەها بەربەستی دووهەمی ئەو ڕێککەتننامەیە بە بڕوای ئیسرائیل، سەقامگیریی هێزێکی چەند پێکهاتەیی و نەتەوەییە کە هەتا ئێستا بەهۆی بەشدارینەکردنی تورکیەوە پەکی کەوتووە.
ئیسرائیل هۆکاری بەربەستی سێهەم بە پێکنەهاتنی دەوڵەتێکی تێکنۆکرات بەبێ بەشداریی حەماس دەزانێت.
ئەو بانگەشانەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە کە "وای نێت" ئاماژەی بەوە داوە کە حەماس نەک هەر ئامادەی چەکدانان نییە بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ خۆی بەهێزتر دەکات.
هەروەها ئەو ماڵپەڕە لە زاری خالید مەشعەل یەکێک لە ڕێبەرانی باڵای ئەو گرووپەوە نووسیویەتی: "چەکدانان وەکوو گرتنی ڕۆحمانە" و هەروەها محەممەد ئەلهێندی، جێگری ڕێبەری جیهادی ئیسلامیی حەماس لەبارەی چەکدانانەوە سەرەڕای دووپاتکردنەوەی قسەکانی مەشعەل نووسیویەتی: "هیچ کات ئێمە چەک دانێن".
شایانی باسە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانییەوە هەڕەشەی شەڕی لە ئیسرائیل کردووە و هەر بۆ ئەو مەبەستەش چەندین باری چەکوچۆڵی بۆ حەماس، حوسییەکان و حیزبوڵڵا ناردووە و بەپێی زانیاری و ململانێکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، ئەگەری شەڕێکی دیکە هاوشێوەی شەڕی ١٢ ڕۆژە لە ئارادایە.