کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەربڵاو لە دەیان شاری ئێران

10:43 - 7 بەفرانبار 2725

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە کرێکاران، خانەنشینکراوان، پەرستاران، شۆفیران و نانەواییەکانی زیاتر لە ١٠ شار لە سەرانسەری پارێزگاکانی ئێران، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٤، کرێکارانی کانگای زەڕەشۆرانی هەوشار لە ١٥پازدەیەمین ڕۆژی مانگرتن و ناڕەزایەتییان لەمەڕ دەستێوەردانەکانی سپای پاسداران، بڕینی خزمەتگوزاری و نەبوونی هیچ یاساوڕێسایەک لەمەڕ مافەکانیان بەردەوامن.

ماوەی ١٥ ڕۆژە کرێکارانی کانگای زەڕەشۆرانی هەوشار مانیان گرتووە و لە بەیاننامەیەکدا نووسیویانە: "نزیک بە دە ساڵە تەواوی کێشە زیانبارەکانی ئەو کانگایە و سەرما و گەرمامان چێشتووە و هەزاران کەسمان تووشی شێرپەنجە و دەیان نەخۆشیی مەترسیداری دیکە بووینە، بەڵام هەڵاواردن لەنێوان هێزی کار و بڕینی خزمەتگوازییەکان و ڕەچاونەکردنی مافەکانمان لەلایەن سپای پاسدارانەوە، بڕستی لێ بڕیوین".

هەروەها کرێکارانی شیرکەتی "پیشەسازیی قەندی خاوەرمیانە" ماوەی شەش ڕۆژە لەمەڕ بەدەستهێنانی مافەکانیان مانیان گرتووە و ڕایانگەیاندووە هەتا مافەکانمان لەبەرچاو نەگیردرێت ناچینەوە سەرکار.

 کرێکارانی لوڕستان و تاران، کامیۆندارانی ساوە، خانەنشینکراوانی ئەهواز، کرماشان و شاهروود، پەرستاران و کارمەندانی دەرمانی زانکۆی پزیشکیی جۆندی شاپووری ئەهواز، کرێکارانی فەرمیی شیرکەتی نەوتی ناوچەی عەمەڵیاتیی لاوان و شۆفیر تاکسییانی تاران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاویان بەڕێوە بردووە و خوازیاری وەدەستهێنانی مافەکانیان بوون.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، داهاتی هەر کرێکارێک لە ئێران بە شێوەی نێونجی ٢٠ میلیۆن تمەنە ئەوەش لەکاتێکدایە کە تێچووی بنەماڵەیەکی سێ کەسی لە ئێران، زیاتر لە ٥٨ میلیۆن تمەنە.

 شایانی باسە ڕۆژانە لە سەرانسەری ئێراندا، کرێکارانی پیشەسازییە جیاوازەکان بەهۆی ڕەچاونەکردنی ماف و داخوازییەکانیان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەربڵاو بەڕێوە دەبەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ناوەندی ئاماری چالاکانی مافی مرۆیی لە ئێران، لە ساڵی ١٤٠٣، لانیکەم ٢٢٥٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە سەرانسەری ئێراندا بەڕێوە چووە و لە ساڵی ١٤٠٤یشدا ئەو کۆبوونەوانە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو زۆر زیادی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ناوەندە مافی مرۆییانە، هەروەها لە ١٤٠٣دا، ٧٠ مانگرتنی سێنفی و ١٣٧٧ مانگرتنی کرێکاری لە ئێراندا تۆمار کراون.