ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٤ دووهاووڵاتیی خەڵکی گوندی نێ سەر بە شاری مەریوان، بە ناوەکانی محەممەد نیکپەی و محەممەد ئەشتەک بۆ جێبەجێکردنی حوکمی بەندکرانی داسەپاو بۆ بەندیخانەی مەریوان گواستراونەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ناوبراوان لە هاوینی ئەمساڵدا بە تۆمەتی بانگەشە دژ بە ڕێژیم بۆ ڕێکخستن و بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمی نەورۆزدا لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەریوان بە سەرۆکایەتیی بەناو دادوەر ڕووحی، حوکمی دوو مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو و سێ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراویان پێ دراوە.
پێشتریش لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا ناوبراوان بانگی ئیتلاعاتی مەریوان کران و دواتر دەسبەسەر کران بەڵام دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کران.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم حوکمانە لەژێر گوشاری یەکێک لە کادرە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات وە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە دراوە و لە کۆتاییدا ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانیان دەسبەسەر کراون و دواتر بۆ بەندیخانەی مەریوان گواستراونەتەوە.