ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٤، کاک مەنسوور خزری، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک مەنسوور کوڕی دەروێش عەزیز لە ساڵی ١٣٥١ لە گوندی وسوەک سەر بە کۆمیتەی مەیدان چۆغە و لە بنەماڵەیەکی هەژار و دەستکورت لە دایک بووە.
ناوبراو ماوەی چەند ساڵێک لە حوجرەی فەقێیان خوێندوویەتی. پاشان هەر ساڵەو لە شارێک و لە شوێنێک دەیخوێند و ئەزموونێکی باشی بەدەست هێنابوو.
خوالێخۆشبوو جیا لە زمانی دایک، فارسی، عەرەبی، ئینگلیسیشی باش دەزانی و لە ساڵی ١٣٩٩ بەفەرمی بووە ئەندامی حیزبی دێموکرات و لەو ماوەیەدا بەهۆی شارەزایی لە نووسینی شێعر و پەخشان و چەند بابەتێکی دیکە یارمەتیی هاوڕێیانی کورد کاناڵی دەدا و نوسراوە و پەخشانەکانی لە کوردکاناڵ بڵاو دەبوونەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.