کەیهان موسێڕەت ناسراو بە "نامۆ" لە یەکەمین قۆناغی کێبڕکێ جیاوازەکانی وێنەگری کە لە وڵاتی هێند بەڕێوە چووە، چەندین سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێنا.
ئەو خەڵاتانەی کە "نامۆ" بەدەستی هێناون بریتیین لە: "هەڵبژێردراو لەلایەن نێوبژیوانان لە بەشی دیمەن، هەڵبژیردراو وەک سەردەبیری بەشی مینیماڵ، فیناڵیستی هەڵبژێردراو لە بەشی نێوەرۆک و فێناڵیستی هەڵبژێردراو لە بەشی مینیماڵ".
ئەو وێنەگرە کوردستانییە لەبارەی ئەو سەرکەوتنانەوە ڕایگەیاندووە: "ئەو سەرکەوتنە بەبێ ئەوینداربوون بە وێنە، ئەزموونکردن و بینینی جیهان لە ڕێگەی هەستیاریی مرۆییەوە، مسۆگەر نەدەبوو".
شایانی باسە وێنەگرانی زیاتر لە ٣٠ وڵات لەو کیبڕکێیەدا بەشدار بوون و سەرکەوتنەکانی ئەو وێنەگرە کوردستانییە، بە سەرکەوتنێکی گەورە بە ئەژمار دێت.
شایانی باسە ساڵانە لاوانی کوردستان لە بوارە جیاوازەکانی وەک وەرزشی، هونەری، داهێنان و بوارەکانی دیکە بەبێ هیچ پشتیوانییەکی ماڵی لەلایەن دامودەزگاکانی ڕێژیمەوە، سەرکەوتنی گەورەی جیهانی بەدەست دێنن و ڕۆژ بە ڕۆژ بە سەرکەوتەنەکانیان، خەرمانی شانازییەکانی کوردستان بەپیتتر دەکەن.