سوهەیلا مەتاعی، چالاکی بواری ژنان و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ٨ی مارس و هەروەها بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دێولان، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە دۆسییەی پەیوەندیدار بە دەسبەسەرکران لە دوای ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژنان (٨ی مارس)، بە ۳ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری مەحکووم کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە چاو نیووز، ڕۆژی شەممە ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤، سوهەیلا مەتاعی، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دێولان کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار دەسبەسەر کراوە، لەلایەن دادگای کەیفەریی رێژیمەوە لە دێولان، بە تۆمەتی "تەبلیغ دژی نیزام و بڵاوکردنەوە لە میدیاکانی دەرەوەی ئێران" بە ٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو و هەروەها ٣ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کراوە.
ناوبراو پێشتریش لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤، لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسییەیەکی دیکەدا، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ۲ی شاری دێولان، بە تۆمەتی «تەبلیغ بە قازانجی گرووپ یان ڕێکخراوەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی» بە ٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو و ۳ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرابوو.
سوهەیلا مەتاعی ئێوارەی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکی و ئامادەبوونی لە ڕێوڕەسمی ئەم دواییەی تایبەت بە ڕۆژی جیهانیی ژنان لە سنە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە دێولان دەسبەسەر کرا و دوای یەک حەوتوو بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.