کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«تەرانە»؛ کاتێک فریم کورت دەبێتەوە بۆ ناوەند

23:42 - 7 بەفرانبار 2725

دڵشاد هەورامی

لە نوێترین بەڵگەفیلمی (دۆکیۆمێنتاری) خۆیدا، «پێگاه ئاهەنگەرانی»، سینەماکاری ناسراوی ئێرانی، کامێراکەی دەخاتە سەر ژیانی یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی سینەمای ئێران؛ «تەرانە عەلیدۆستی». ئەم بەرهەمە کە لەلایەن «بی‌بی‌سی فارسی»یەوە بڵاو کراوەتەوە، هەوڵێکە بۆ کێشانی پۆترێتێکی سیاسی و دەروونیی تەرانە لەنێو جەرگەی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»دا.

لێرەدا پێویستە لە دوو گۆشەنیگاوە سەیری ئەم بەرهەمە بکەین: یەکەم وەک بەسەرهاتێکی کەسێک و دووەم وەک هێمایەک بۆ خوێندنەوەی زێهنییەتی ناوەند.

ئەگەر لە چوارچێوەی «پۆترێت»دا سەیری فیلمەکە بکەین، پێگاه ئاهەنگەرانی توانیویەتی فریمەکەی بە وردی لە دەوری سوژە (تەرانە) کورت بکاتەوە. فیلمەکە باسی بەسەرهاتی تەرانە لە ساتی بەشداریکردن لە شۆڕشەکەدا تا گیرانی و ئازادبوونی و، ترسەکان، نەخۆشیی جەستەیی و ئەو گۆشەگیرییە دەکات کە تەرانە وەک ئەکتەرێک تێی کەوتووە. لێرەدا ڕەخنەگرتن لەوەی بۆچی فیلمەکە باسی پەراوێز یان کێشە نەتەوەییەکان ناکات، ڕەنگە لە ڕووی مێتۆدی سینەماییەوە نادادپەروەرانە بێت؛ چونکە «تەرانە» لێرەدا تەنیا باسی ئەو شتانە دەکات کە لەنێو کادری ژیانی خۆیدا ڕوویان داوە و، وەک گێڕانەوەیەکی کەسی، مافی خۆیەتی باسی ئازارەکانی خۆی بکات.

بەڵام کێشە لۆژیکییەکە لەوێدا دەست پێ دەکات کە فیلمەکە هەوڵ دەدات ئەم «ئەزموونە تاکەکەسییە» وەک «کۆدەنگییەکی گشتی» بۆ هەموو شۆڕشەکە وێنا بکات. کاتێک فریمەکە تەنیا باکووری تاران و کافەکان و ژیانێکی مۆدێرن دەبینێت، جۆرێک لە «ناوەندگەرایی» (Centralism) بەسەر گێڕانەوەکەدا زاڵ دەبێت. فیلمەکە بە ئاگایییەوە یان بێ ئاگایی، شۆڕشەکە لە داخوازییەکانی چینی بورژوای تاراندا کورت دەکاتەوە، کە تەنیا کێشەی «ئازادیی پۆشین»یان هەیە.

خاڵێکی تری جێی سەرنج، پرسی ناسنامەیە لەنێو فریمەکەدا. فیلمەکە بە کوژرانی «ژینا ئەمینی» دەست پێ دەکات، بەڵام بەکارهێنانی ناوی «مەهسا» و تواندنەوەی لەنێو گوتارێکی «سەرتاسەری»دا، نیشانی دەدات کە فیلمساز و سوژەکەش نەیانویستووە لەو فریمە کلاسیکییە دەرچن کە ناوەند بۆ شۆڕشەکانی ئێرانی کێشاوە. کوردستان کە سەرچاوەی دروشم و شۆڕشەکە بوو، لەم فیلمەدا تەنیا وەک پاشخانێکی دوور دەبینرێت، نەک وەک جەمسەرێکی کاریگەر. ئەمە هەمان ئەو عەقڵییەتەیە کە دەیەوێت قوربانییەکە بە هیی خۆی بکات، بەڵام ئامادە نییە دان بە ڕەچەڵەک و شوناسی قوربانییەکەدا بنێت.

لە کۆتاییدا، فیلمی «تەرانە» بەڵگەیەکە لەسەر دابڕانی قووڵی نێوان «ناوەند» و «پەراوێز». ئەگەرچی تەرانە وەک ئەکتەرێک بوێرانە باجی هەڵوێستەکەی دا، بەڵام فیلمەکە ناتوانێت لەو چوارچێوە لووکس و سینەماییەی خۆی دەربچێت. ئەم بەرهەمە پیشانمان دەدات کە چۆن «ناوەند» تەنانەت کاتێک یاخییش دەبێت، هێشتا ناتوانێت یان نایەوێت فریمەکەی ئەوەندە گەورە بکات کە ئازار و ناسنامەی نەتەوەکانی تری تێدا جێ ببێتەوە. بۆ تەرانە، ئازادی لە «لابردنی حیجاب»دا کورت دەبێتەوە، بەڵام بۆ پەراوێزنشینەکان، ئازادی هێشتا لە «مافی هەناسەدان و مانەوە و ناسنامە»دایە.