کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵانە ١٦٢٠٠ حاڵەتی ئاگرگرتن لە ناوچەی زاگرۆسدا تۆمار دەکرێت

10:19 - 13 سەرماوەز 2725

هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئاگرکەوتنەوەکان لە ناوچەی زاگرۆس و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم، نەبوونی کەرەستە و ئیمکاناتی پێویستیش بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان، یەکێک لە کیشە سەرەکییەکان لە کۆنتڕۆڵنەکرانی ئاگرەکان لە کاتی خۆیدایە.

بەرپرسی بەڕێوەبەریی قەیرانی پارێزگای لوڕستان لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبەریی کوژاندنوەی ئاگرەکانی دارستانەکانی زاگرۆس کە ڕۆژی سیشەممە بەڕێوە چوو، دانی بەوەدا نا کە خەڵکی خۆبەخش و چالاکانی ژینگەپارێز ڕۆڵێکی سەرەکییان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکانی زاگرۆسدا هەیە.

مێهدی پازوکی جیدیترین کێشەی بۆ نەبوونی ئیمکاناتی پێویست گەڕانەوە و ڕایگەیاند: لە پارێزگای لوڕستاندا هێلیکۆپتێری فریاکەوتن و ماشینی پێویستمان نییە.

ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە نەبوونی هێلیکۆپتێری کوژاندنەوەی ئاگر لە ناوچەکانی زاگرۆس یەکێک لە کیشە سەرەکییەکانی ئەم ناوچانە لە کونتڕۆڵکردنی ئاگرەکانە و ڕایگەیاندووە کە بە بێ تەیارکردن و دابینکردنی پێداویستییەکان، دارستانەکان ناپارێزرێن.

جێگری پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکانی لوڕستانیش لەم دانیشتنەدا ڕایگەیاندووە کە ٩٠ لەسەدی ئاگرگرتنەکان لە ئاستی ئێراندا، لە ناوچەکانی زاگرۆسدا ڕوو دەدەن.

بێهرووز دەرکیوەند لەمبارەوە باسی لەوە کردووە کە سەرەڕای بەربڵاوبوونی دارستانەکان لە لوڕستان، بە هێزەکانی ژینگەپاریزی ڕێژیمەوە سەرجەم ١٥٠ کەس لەم چوارچێوەیەدا چالاکی دەکەن کە ناتوانێ وڵامدەری خەسارەکان بێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، جێگری ژینگەی ڕێژیم ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ساڵدا ١٨ هەزار حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە سەرتاسەری ئێراندا تۆمار دەکرێن و بە واتایەکی تر و بەپێی قسەکانی بێهرووز دەرکیوەند ١٦٢٠٠ حاڵەتی ئەم ئاگرانە لە ناوچەی زاگرۆسدا ڕوو دەدەن.

کیا دلێری جێگری ژینگەی ڕێژیم ڕوودانی ئەم حاڵەتانەی بۆ هۆکاری مرۆیی گەڕاندووەتەوە.

قسەی ئەم بەرپسەی ڕێژیم هەر لە ڕاستای وتەی باقی بەرپرسانی ڕێژیمدایە کە خەڵک بە هۆکاری سەرەکیی ئاگرەکان دەزانن و ئەمە لەکاتێکدایە کە بەتایبەت لە ناوچەکانی زاگرۆسدا ئاگرەکان بەئەنقەست و لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە هەڵدەگیرسێن.

بە سەرنجدانی سیاسەتی ڕێژیم بۆ تێکدانی ژینگەی ناوچەی زاگرۆس و ئەو ئامارانەی کە خۆیان ئاماژەیان پێ کردوون، دەردەکەوێ کە ڕێژەی ئاگرەکان لە ناوچەی زاگرۆس شتێکی ئاسایی نییە و جگە لە هۆکاری مرۆیی هۆکارگەلی دیکەشی هەیە.

نەبوونی ئیمکانات و کەمیی هێزی مرۆیی پێویستیش ڕۆڵی گرینگیان لە کۆنتڕۆڵنەکردنی ئاگرەکان و لەنێوچوونی زیاتری دارستانەکان ئەم ناوچەیەدا هەیە.