کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵڵا بۆ جارێکی دیکە بە فیتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕادەستکردنی چەکی ڕەت کردەوە

11:05 - 8 بەفرانبار 2725

سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا بۆ جارێکی دیکە بە فیتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێشنیاری چەکدانان و ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەتی لوبنانی ڕەت کردەوە و لە ئاژاوەگێڕی و کردەوە تێرۆریستییەکانی لە ناوچەکە بەردەوامە.

نەعیم قاسم سکرتێری گشتیی گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان لە وتووێژێکی تلویزیۆنیدا، چەکدانانی پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی لوبنان لە قەڵەم دا و بە فەرمی و بۆ جارێکی دیکە پێشنیاری چەکدانانی ڕەت کردەوە و ئەو پێشنیارەی بە گەڵاڵە و پیلانی ئەمریکا و ئیسرائیل زانیوە.

نەعیم قاسم هەروەها وتوویەتی: "سنووردارکردنی چەک لە دەستی هێزە دەوڵەتییەکانی لوبنان لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل لە هێرشەکانی بەردەوامە و چەکدانانی ئێمە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی لوبنانە".

ئەو قسانەی قاسم نەعیم لەکاتێکدایە کە پێشتر دامەزراوەی "گاڵۆپ" لە ڕاپرسییەکدا باسی لەوە کردبوو کە زۆرینەی خەڵکی لوبنان خوازیاری ئەوەن کە چەک تەنیا لە دەستی ئەرتەشدا بمێنێتەوە و پێیان باشە کە حیزبوڵڵا چەک بکرێت، ئەوەش ڕاستییەکە کە نیشاندەری کەلێنێکی گەورە لە نێوان خەڵکی لوبنان و گرووپەکانە کە تەنیا بە پاڵپشتیی ڕێژیمی ئێران لە دەرەوەی چوارچێوەی حکوومەت و یاسادا درێژە بە چالاکییە سەربازی و شەڕەنگێزییەکانیان دەدەن.

سکرتێری گشتیی ئەو گرووپە چەکدارەی سەر بە ڕێژیم، پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەتا کاتێک ئیسرائیل بەشێک لە خاکی لوبنانی بەدەستەوە بێت، کەس بۆی نییە داوای چەکدانانمان لێ بکات.

بەپێی زانیارییەکان، چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی گۆشارە لانیزۆرییەکانی ئەمریکا و پەرەسەندنی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەرتەشی لوبنان یەکەمین هەنگاوی چەککردنی حیزبوڵڵا لە باشووری ڕووباری لیتانی لە ٣٠ کیلۆمیتری سنووری لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل، هەتا کۆتایی ساڵی زایینی جێبەجێ بکات.

هەر لەو پێوەندییەدا، بە گوێرەی ڕاپۆرتی "ئیسرائیل تایمز"، ڕۆدۆلۆف هیکێل فەرماندەی ئەرتەشی لوبنان، ڕۆژی سێشەممە ٢ی بەرفرانبار لە کۆبوونەوەیەکی سەربازیدا ڕایگەیاندووە: "ئەرتەشی لوبنان بەوردی لە هەوڵی جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی ئەو گەڵاڵەدایە".