کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازدانی نرخی خۆراک و زیادبوونی گوشارەکانی بژێوی ژیان بۆ بنەماڵەکان لە سەرماوەزدا

11:18 - 8 بەفرانبار 2725

ڕاپۆرتی نوێی ناوەندی ئاماری ئێران لەسەر پێنوێنی نرخی بەکاربەر نیشانی داوە کە ڕەوتی چوونەسەر و هەوسارپچڕاوی هەڵاوسانەکان لە مانگی سەرماوەزەوە دیسان بەرز بووەتەوە و گوشاری بێوێنەی خستووەتە سەر بنەماڵەکان.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە نرخی هەڵاوسانی خاڵ بەخاڵ لە سەرماوەزدا گەیشتووەتە ٥٢.٦؛ ژمارەیەک کە دوای زۆرتر لە دوو ساڵ دیسان هەڵاوسانی بۆ ٥٠ لەسەد گەڕاندووەتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی قەیرانی ئابووری.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ناوەندی ئامار، نرخی هەڵاوسانی ساڵانەش بە تۆماری ٤٢.٢ لەسەدی گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ٢٢مانگی ڕابردوودا.

پێنوێنی نرخی بەکاربەر لەم مانگەدا ڕەقەمی ٤٣٥.١ی تۆمار کردووە کە بە نیسبەت مانگی پێشوو ٤.٢ لەسەد زیادی کردووە، بەرزبوونەوەیەک کە نیشاندەری بێکەڵکبوونی سیاسەتە ئابوورییەکانی ڕێژیم لە چارەسەرکردنی بەرزبوونەوەی نرخەکانە.

پێداچوونەوەکان لەسەر ئەم ڕاپۆرتە نیشانی داوە کە گرووپی خواردەمەنییەکان و خوادنەوەکان لە بەرزبوونەوەی خەرجی بنەماڵەکاندا زۆرترین پشکیان بەر کەتووە.

هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی ئەم گرووپانە گەیشتووەتە  ٧٢.٣ لەسەد کە بە شێوەی دیاریکراو باس لە بازدانی نرخی شیرەمەنی، هێلکە و نان دەکات؛ کاڵاگەلێک کە ڕۆڵی سەرەکییان لە سەوەتەی خەرجی توێژی کەمداهاتدا هەیە.

لە بەرامبەردا هەڵاوسانی خانووبەرە، ئاو، کارەبا، گاز و سووتەمەنیی دیکە ٣٥.٨ لەسەد ڕاگەیەندراوە کە سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕێژەی خۆراکەکان کەمترە بەڵام دیسانیش ژمارەیەکی بەرز بە ئەژمار دێت.

هەڵاوسانی مانگانەی سەرماوەز ٤.٢ لەسەد ڕاگەیەندراوە کە نیشاندەری گەڕانەوەی خێرای نرخەکان دوای دابەزینی ڕێژەیی لە مانگی پێشوودایە.

هەروەها داتاکان باس لەوە دەکەن کە توێژی کەمداهات زۆرترین زیانیان لەم هەڵاوسانە هەوسارپچڕاوەدا بەرکەوتووە، بەشێوەیەک کە نرخی هەڵاوسانی ساڵانە بۆ توێژی یەکەم و دووهەم گەیشتووەتە ٤٣.٧ لەسەد.

کارناسانی ئابووری باوەڕیان وایە کە بەردەوامیی ئەم ڕەوتە لە پەنای دابەزینی هێزی کڕین و زۆربوونی ناهاوسەنگ، دەتوانێت ئاکامی کۆمەڵایەتی بەربڵاوی بەدواوە بێت.