کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری داخرانی کارخانەی ڕۆنە خۆراکییەکان لە ئێران بەهۆی گرانیی نرخەکەیەوە

11:47 - 8 بەفرانبار 2725

سەرۆکی ئەنجومەنی سێنفیی پیشەسازیی ڕۆنی خۆراکی لە ئێران باسی لە ئەگەری داخرانی کارخانەکانی ڕۆنی خۆراکی بەهۆی چەند قاتبوونی نرخەکەی و کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵکەوە کردووە.

عەلیڕەزا شەریفی سەرۆکی ئەنجومەنی سێنفیی پیشەسازیی ڕۆنی خۆراکی لە ئێران بە هەواڵدەریی "ئیسنا"ی ڕێژیمی ڕاگەیاندووە کە "کارخانەکانی ڕۆنی خۆراکی لە ئێران یان داخراون یان لە بەرەبەری داخراندان".

هەر لەو پێوەندییەدا، ماڵپەڕی "دیدەبانی ئێران" لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە گرانیی چەند قاتی ڕۆنی خۆراکی داوە و نووسیویەتی: "بەهۆی ئەو گرانییەوە چیتر خەڵک توانای کڕینیان نەماوە و ئەوەش هۆکاری سەرەکیی داخرانی کارخانەکانی ڕۆنی خۆراکی و زۆربەی کارخانەکانی دیکەیە".

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ڕۆنی خۆراکیی ١٧ کیلۆیی هەتا دوو قات گران بووە.

پێشتریش ئه‌کبه‌ر فه‌تحی جێگری به‌رنامه‌داڕێژی وه‌زاره‌تی کوشتوکاڵی ڕێژیم له‌ دژکرده‌وه‌ به‌ گرانیی ڕۆنی خۆراکی وتبووی‌: "هاورده‌کارانی ڕۆن به‌هۆی دیارینه‌کردنی ماڵیاتی زێده‌بایی (ارزش افزوده‌) و شوێندانه‌ریی له‌سه‌ر نرخی کۆتایی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ له‌هه‌مبه‌ر دابه‌شکردنی ڕۆن به‌ربه‌ست دروست ده‌که‌ن".

ده‌وڵه‌تی پزشکییان له‌ به‌رنامه‌ی بوودجه‌ی ١٤٠٤دا نرخی زێده‌بایی ڕۆنی خۆراکیی ١٠ له‌سه‌د دیاری کردبوو،‌ به‌ڵام به‌ وته‌ی ئه‌کبه‌ر فه‌تحی له‌ کۆمیسیۆنی به‌رنامه‌ و بوودجه‌ی مه‌جلیسی ڕێژیمدا گه‌‌ڵاڵه‌ی که‌مکردنه‌وه‌ی نرخی ڕۆنی خۆراکی بۆ یه‌ک له‌سه‌د پێشنیار کراوە.

پێشتر موحسن باقری، ئەندامی کۆمیتەی مووچەی شۆرای باڵای کار لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "ئیلنا" باسی له‌ گرانبوونی ڕۆن هه‌تا ئاستی ٤٠ له‌سه‌دی کردبوو.