ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٤، دوو چالاکوانی ژینگەیی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی ڕامین ساڵحی و سەباح ساڵحی، کە ئامۆزای یەکترن لەلایەن هێزە بەناو ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە و بەشێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا وتوویەتی کە ڕۆژی شەممە کاتژمێر ١١:٣٠ تا ١٢، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە هێرشێکی توندوتیژانە بۆ شوێنی کاری ڕامین ساڵحی چالاکوانی مەدەنی و بواری ژینگە و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی قەڵای حەسەناوا و باخی سەباح ساڵحی، سەرەڕای بێڕێزیکردن بە شەهیدانی ژینگەی کوردستان و بەبێ نیشاندانی هیچ حوکمێکی دادوەری دەسبەسەر کراون.
هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە زانیارییەک لە هۆکاری گرتنی ئەم دوو هاووڵاتییە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەبەر دەستدا نییە و چارەنووسییان ناڕوونە.
پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە سەرکوتکەرەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."