کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڵینە دووبارەکان لە وەگەڕخستنەوەی ڕێگای ئاسنی لوڕستان لە بەرەبەری سەفەرە دەوڵەتییەکان

17:49 - 8 بەفرانبار 2725

بە نزیکبوونەی سەفەری پزشکییان بۆ لوڕستان، پڕۆژەی ڕێگای ئاسنی دورود-خوڕەماوا- ئەندیمشک بۆ جارێکی تر هاتەوە سەر مێزی بڕیاردان؛ پڕۆژەیەک کە ساڵانێکە لە بەرەبەری نۆژەنکردنەوەدایە و هەر جار هاوکات لەگەڵ سەفەرەکانی پارێزگارەکان و دانیشتنە ڕواڵەتییەکاندا، لەگەڵ بەڵێنی نوێ و بێسەرەنجام بەرەوڕوو دەبێتەوە.

پارێزگاری لوڕستان، باسی لە بەڵێنی سەرەتایی نااوەندی سەرۆکۆماری بۆ دابینکردنی بوودجەی ئەم پرۆژەیە کردووە؛ بەڵێنێک کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سەبارەت بەم ڕێگای ئاسنە و باقی گەڵاڵەکانی ژێرخانی پارێزگاکە دووبارە بوونەتەوە.

جگە لەم پرۆژەیە، لیستێکی درێژ لە پرۆژە نیوەچڵەکانی وەکوو بەنداوی مەعشوورە، بەنداوی مەخمەڵکۆ، گەیاندنی ئاو بۆ خوڕەماوا و ڕێگاکانی گواستنەوە دووبارە پێداچوونەوەیان پێدا کراوە کە زیاتر لە یەک دەیەیە تێچووی ناکارامەیی بەڕێوەبەران، لەلایەن هاووڵاتییانەوە دەدرێت.

سەعید شاڕۆخی، ڕایگەیاند کە لە بواری دابینکردنی داراییدا، دەبێ ژێرخانێكی پێویست بۆ ڕاکێشانی نزیکەی ٣٠ هەزار ملیارد تمەن لە وەبەرهێنان لە پرۆژەکانی گەشەپێدان و ئابوریی پارێزگاکە دابین بکرێت.

ڕاگەیاندنی ئامادەیی بۆ دابینکردنی نزیک ٣٠ هەزار ملیارد تمەن لە وەبەرهێنان، بەر لەوەی نیشانەی گۆڕانێکی ڕاستوقینە بێت، وەبیرهێنەرەوەی بۆشاییەکی قووڵە لە نێوان ژمارە ڕاگەیاندراوەکان و ڕاستییە جێبەجێکراوەکان لە شارەکە کە هێشتا لەژێر باری هەژاری، هەژاریی ژێرخانی و پرۆژە نیوەتەواوکراوەکان، نرخی بەڵێنە بێبنەماکان و درۆی بەرپرسان دادەنرێت.