کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا محەممەد خزرنژاد نێردرایە مورەخەسی

10:38 - 13 سەرماوەز 2725

ڕۆژی ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤مامۆستا محەممەد خزرنژاد، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنەوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی نێردرایە مورەخەسی.

ئەم مامۆستا ئایینییە پاش پشتڕاستکردنەوەی چەند پزیشکی پسپۆڕ و هەروەها پشتڕاستکردنەوەی پزیشکی دادوەری بۆ ماوەی مانگێک بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی نێردراوەتە مورەخەسی و ئێستا لە نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە خەوێندراوە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

مامۆستا محەممەد ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەزبەری ئەمساڵ، پاش تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەندکران بۆ یەکەمین جار بە دانانی بارمتەی قورسی سەرووی پێنج میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنەوە نێردرایە مورەخەسی و ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، بۆ درێژەدان بە تێپەراندنی ماوەی حوکەمکەی گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی سنە.

مامۆستا محەممەد ، لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا بە بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسەی شەهیدان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەکانیان، خوازیاری ڕاگرتنی کوشتاری هاووڵاتییانی مەدەنی بوو و ڕایگەیاندبوو کە "لە جیاتی بەکارهێنانی سەرکوت بیر لە ڕێکاری لۆژیکی و چارەسەری کێشەکان بکەنەوە، هەموو دەزانین کە توندوتیژی و کوشتار بە هێچ کوێ ناگات."

مامۆستا محەممەد خزرنژاد لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، چەندین جار لەلایەن ناوەندە سەرکەتکەرەکانی ڕێژیمەوە لێپرسینەوەی لێ کراوە و بە فەرمانی "مرکز بزرگ اسلامی غرب کشور" و ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لە پێشنوێژیی مزگەوتەکانی سنە و بۆکان دەر کراوە.