کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ ڕوو لە حەماس: کاتێکی کەمتان بۆ چەکدانان لەبەر دەستدایە

10:38 - 9 بەفرانبار 2725

دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهوو ڕایگەیاند کە حەماس لەمەڕ چەکدانان ڕەزامەندی دەربڕیوە و دەبێت ئەو پرۆسەیە بەخێرایی جێبەجێ بکرێت.

ڕۆژی دووشەممە ٨ی بەفرانبار، دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "سەرەڕای ئەوە حەماس ئامادەیە کە چەک دابنێت، بەڵام کاتێکی کەمی لەبەر دەستدایە و لە ئەگەری خۆبواردن لەو پێشنیارە، دەبێت بەرپرسیارەتیی دەرەنجامی وەها بڕیارێک لەئەستۆ بگرێت".

هەروەها ترامپ هۆشداریی جیددی بە حەماس دا کە ئەگەر بەپێی پێشنیارەکە نەجووڵێتەوە و چەک دانەنێت، دەبێت چاوەڕوانی کاردانەوەی توند بکات.

هەروەها سەرۆککۆماری ئەمریکا پێداگریی لەسەر کردەوە دژەمرۆییەکانی حەماس لە غەززە کردووە و وتی: "ئەگەر دەرفەتی گونجاو هەبێت، نیوەی دانیشتووانی غەززە ئەو ناوچە بەجێ دێڵن".

هەر لەو کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەدا ترامپ باسی لە چەکدانانی حیزبوڵڵاش کرد و ڕایگەیاند: "چاوەدێریی هەوڵەکانی لوبنان بەنیسبەت چەکدانانی حیزبوڵڵاوە دەکەین".

هەروەها دۆناڵد ترامپ بەنیسبەت ڕێژیمی تارانەوە هۆشداریی دا و وتی: "ئامادەین لەگەڵ تاران دانوستان بکەین و ئەگەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەوڵی نۆژەنکردنەوەی توانای ناوکییەکانی بدات، هەر هەڕەشەیەک کە لەلایەن تارانەوە سەرچاوە بگرێت، لەنێوی دەبەین".

لەو کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەدا، هەرکام لە سەرۆککۆماری ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێداگرییان لەسەر بەردەوامیی پشتیوانییەکان لە یەکتر کردووە و لەو بوارە نێتانیاهوو ڕایگەیاند: "ترامپ پشتیوانیی بێسنووری لە ئیسرائیل کردووە و ئەو پێوەندییەش بەردەوام دەبێت".

ئەو لێدوانەی دۆناڵد ترامپ لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ماڵپەڕی "وای نێتـ"ـی ئیسرائیلی لە دووتوێی ڕاپۆتێکدا ئاماژەی بە چالاکییەکانی حەماس لە پێوەندی لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی توونێل، بەهێزکردنی بواری سەربازی، بەدەستهێنانی چەکی پێشکەوتوو و ڕاهێنان بە هێزی نوێ بەتایبەت لەنێو منداڵان کردبوو.