کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمی ٨ مانگ بەندکرانی داسەپاوی مووسا ئومیدی لە دادگای پێداچوونەوەدا کەم کرایەوە

10:39 - 9 بەفرانبار 2725

لقی ٥ی دادگای پێداچوونەوەی ئیلام، حوکمی ٨ مانگ بەندکرانی داسەپاوی مووسا ئومیدی، چالاکی سیاسی و بەرپرسی بەرەی یەکگرتووی کورد لە پارێزگای ئیلامی سەرەتا بۆ سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو و دواتر بۆ پێبژاردنی ١٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی کەم کردەوە.

بەپێی دادنامەی دادگای پێداچوونەوە کە بە دەستی کوردپا گەیشتووە، هەروەها لقی ٥ی دادگای پێداچوونەوەی ئیلام، بە سەرۆکایەتیی "حەمیدڕەزا خۆسرۆئابادی" و ڕاوێژکاری دادگا "عەبدولکەریم سەبزواری" سزا تەواوکەرەکانی دەرکراو دژی ئەم چالاکە سیاسییەی هەڵوەشاندووەتەوە و دەنگی دەرچوو یەکجارەکی و مسۆگەرە.

ئەم حوکمە سەرماوەزی ئەمساڵ بەم چالاکە سیاسییە ڕاگەیەندرا.

مووسا ئومیدی، پێشتر بە تۆمەتەکانی "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست" و "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیلامەوە بە ٨ مانگ بەندکرانی داسەپاو و وەک سزای تەواوکەریش بە دوو ساڵ قەدەغەبوونی نیشتەجێبوون لە پارێزگای ئیلام و قەدەغەبوونی ڕادەربڕینی سیاسی- کۆمەڵایەتی لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤،کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی مووسا ئومیدی لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ئیلام بەڕێوە چوو.