ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە چڕبوونەوەی قەیرانی ئابوریی ئێران، دابەزینی مێژوویی بەهای ڕیاڵ و لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو یەکێک لە جیددیترین ئاستەنگە هەنوکەییەکانی حکوومەتی ڕێژیمی ئێران کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی بلومبێرگ، بەرزبوونەوەی بێوێنەی نرخی دراوی میللی، کە بووەتە هۆکارێک بۆ بەرزبونەوەی بەرچاوی نرخی ماددەی خۆراکی و بابەتە سەرەکییەکان، گوشارە ئابورییەکان لەسەر هاوڵاتییانی گەیاندووەتە خاڵێكی قەیراناوی کە چەخماخەی ناڕەزایەتییەکی نوێی لە ئێران لێ داوە.
بلومبێرگ ڕایگەیاند، لەکاتێکدا میدیاکانی ڕێژیم هەوڵیان داوە کە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی دوشەممە بە کەمبایەخ و سنوردار نیشان بدەن، وێنە و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ ڕاستییەکە جیاوازییان هەیە.
هەروەها باس لەوەش دەکرێت، پانتایی ناڕەزاییەکان لە گێڕانەوەی فەرمیی ڕێژیم لە هەندێک ناوچەدا زۆرترە و لە هەندێ ناوچەدا، دووکانداران لە بەرانبەر ئەم دۆخە ئابوورییە و کەمبوونەوەی توانای کڕین، یەکە سنفییەکانی خۆیان داخستووە.
بلومبێرگ، کاتی ڕاگەیاندنی ئەم نائارامییەی هاوکات کردووە لەگەڵ دابەزینی مێژوویی بەهای ڕیاڵ لە بازاڕە نایاساییەکان، جێگایەک کە نرخی دۆلاری ئەمریکی لە ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە نزیکەی ملیۆنێک و ٤٥٠ هەزار ڕیاڵ، کە ئەمە دەرخەری قەیرانێکی قووڵی دارایی لە ئێرانە.
هەرچەندە نرخی دراو لە دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممەدا هەندێک دابەزینی بەخۆیەوە دیوە و بۆ نزیک ملیۆنێک و ٣٨٠ هەزار ڕیاڵ دابەزیوە، بەڵام ئەم گۆڕانە سنووردارە، نەیتوانیوە نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەگەری بڵاوبوونەوەی قەیرانێكی سەرانسەری کەم بکاتەوە.
ئەم پێشهاتانە، بە وتەی چاودێرانی ئابووری، ڕەنگدانەوەی هەڵاوسانی بەربڵاو، سیاسەتی ناکارامەی ئابووری و کەمتوانایی پێکهاتەیی ڕێژیمی ئێران لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی بژێون.