ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە خەزەڵوەری ١٤٠٤دا هەڵاوسانی مانگانەی شیرەمەنییەکان و هێلکە ٦ لەسەد و هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ ٤٨.٦ بووە و گرانبوونی بەرهەمە پرۆتینییەکان جیا لە تێکدانی شێوازی خۆراکی بنەماڵەکان، هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراکی چینە کەمداهاتەکان دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، نرخی یەک دانە هێلکە لە هەندێ لە فرۆشگاکانی تاراندا گەیشتووە ٨ هەزار تمەن و بەم پێیە نرخی شانەیەک هێڵکە دەگاتە ٢٥٠ هەزار .
هاوکات لەگەڵ ئەوەش باس لەوە دەکرێ کە لە ڕۆژی هەینی ٣٠ی خەزەلوەردا، نرخی پەنیر لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ٣٠ لەسەد بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە و شیری خاویش لە سنووری ٣٥ هەزار تمەن تێپەڕیوە.
گرانبوونی نرخی هێلکە لەکاتێکدایە کە لانیکەمی مووچەی کرێکار لە ساڵی ١٤٠٤دا و هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، توانای کرینی بە ڕێژەیەکی زۆر بەرچاو کەم کردووە و بەشێکی بەرچاو لە داهاتی مانگانەی کرێکاران دەبێ بۆ پێداویستیی گرینگتری وەک کرێ ماڵ و هاتوچۆ تەرخان بکرێت.
تێجارەت نیووز لەمبارەوە لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ڕایگەیاندووە کە گرانیی نرخی هێلکە تەنیا قەیرانێکی وەرزی نییە بەڵکوو نیشانەیەک لە لاوازی لە بەرهەمێنان و دابەشکردنە.
هەرچەند کە هەندێ لە میدیاکان دەسپێکی وەرزی سەرما بە هۆکاری دابەزینی بەهەرمهاتنی هێلکە دەزانن بەڵام بەپێی زانیارییەکان ناسەقامگیریی نرخی دراو، درەنگکەوتنی دابینکردنی خۆراک بۆ مریشکەکان و نەبوونی نرخی دیاریکراو لە هۆکارەکانی گرانیی نرخی هێلکەن و زۆر جار بەم هۆکارانە لە دووکانێکەوە بۆ دووکانێکی دیکە نرخی هێلکە گۆڕانی بەسەردا دێت.
هێلکە یەکێک لەو خۆراکانەیە کە لە کاتی قەیرانی داراییدا لەلایەن بنەماڵەکانەوە زیاتر بەکار دەهێندرێت و بە سەرنجدانی گرانبوونی نرخەکەی ئاشکرایە کە زۆربەی بنەماڵەکان بە مووچەی کرێکارییەوە توانانی دابینکردنی ئەم پێداویستییەشیان نابێت و ئەمە بە مانای برسی مانەوەی خەڵکە.