بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێگەوبانەکانی هەندێک لە گوندەکانی شاری سەقز و بانە بەهۆی بارینی بەفر لە دۆخێکی خراپدان و کارەبا و ئانتێنی مۆبایلییان نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای نەبوونی کارەبا بەهۆی شکانی ٣٢٠ دارەتێل لەم ناوچانە، ڕێگەوبانەکانی گوندەکانی سەقز و بانە لەوانە ناوچەی گەورکی ١ و٢ی سەقز و سیاری سەروو، وزمەڵە، گوێزێ، شێخ چۆپان و زۆربەی گوندەکانی دیکەی سەقز ماوەی یەک حەفتەیە کە ڕێی هاتوچۆیان گیراوە.
لە هەمان کاتدا گوندەکانی کانییەسوور، تاژان، تاژەبان، چۆمان، زەرواوی خوارێ، زەرواوی سەرێ، بەردەرەش و ... سەر بە شاری بانەش لە هەمان دۆخدان و شارەوانی ڕێژیم لەم شارانە هیچ هەڵوێستێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە نەبووە.
ئەم سەرچاوەیە باسی لە دۆخی خراپی شەقام و کۆڵانەکانی ناوشاری سەقز کردووە کە بەهۆی بارینی بەفر، هاتوچۆ بۆ خەڵک دژوار بووە و شارەوانیی ناکارامەی رێژیم لەم شارە هیچ هەوڵێکی بۆچارەسەرکردنی دۆخەکە نەداوە.
بارینی بەفر بە ڕێژەیەکی زۆر لە شارەکانی کوردستان، دۆخی خەڵکی لە باری هاتوچۆ و دابینکردنی وزە تووشی قەیران کردووە و ئەم دۆخە زیاتر لە جاران ناکارامەیی ڕێژیم لە کاتی قەیرانەکانی دەرخستووە.