ماڵپەڕی هەواڵی ئاکسیۆس بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئەمریکا لەنێویاندا دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆ بوونەتەوە و پێشهاتەکانی کەرانەی باختەرییان تاوتوێ کردووە و داوای گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی تێلاڤیڤ لە ناوچەکەیان کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، حکوومەتی ئەمریکا لە چەند حەفتەی ڕابردوودا نیگەرانیی خۆی لە بەرزبوونەوەی گرژییەکانی کەرانەی باختەری دەربڕیوە و داوای لە ئیسرائیل کردووە بۆ کەمکردنەوەی پێکدادانەکان و سنووردارکردنی توندوتیژییەکان هەنگاو بنێت.
کەرانەی باختەری نزیکەی دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار فەڵەستینی تێدا نیشتەجێیە و لە ململانێی درێژخایەنی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل یەکێک لە ناوچە جێ ناکۆکەکانە و پێشهاتەکانی هەمیشە جێگەی سەرنجی ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بووە.
ئاکسیۆس هەروەها ئاماژەی بە زیادبوونی گرینگیدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دۆخی ئەمنی کەرانەی باختەری کرد و نووسیبووی کە بەردەوامیی نائارامییەکان ڕەنگە کاریگەریی لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ هەندێک لە هاوبەشە بیانییەکان هەبێت.
لەم چوارچێوەیەدا واشنگتۆن هەوڵ دەدات ڕێگری لە پەرەسەندنی گرژییەکان بکات و سەقامگیریی ڕێژەیی لە ناوچەکەدا بپارێزێت.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە کۆبوونەوەی نێوان ترامپ و نێتانیاهوو تەنیا لە پرسی کەرانەی باختەریدا سنووردار نەبووە.
بە گوێرەی سەرچاوە میدیاییەکانی ئیسرائیل، هەر دوولا باسیان لە قۆناغی دووەمی ئاگربەست لە غەززە و پێشهاتەکانی لوبنان و بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی ڕێژیمی ئێران کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، نێتانیاهوو لەم دانیشتنەدا هەوڵ دەدات ترامپ قەناعەت پێ بێنێت کە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەتوانێت ئەنجامێکی باشتر لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی داهاتوودا بەدوای خۆیدا بهێنێت و تەنانەت ڕێژیمی تاران لاواز بکات.
نێتانیاهوو پێشتر لە یەکی بەفرانباردا ڕایگەیاندبوو، گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کۆمەڵێک بابەتی ئەمنی و ناوچەیی لەوانە غەززە، ئێران و لوبنان دەگرێتەوە.