کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخرانی لەناکاوی زانکۆکانی تاران لە ترسی سەرهەڵدانی بزووتنەوە خوێندکارییەکان

17:00 - 9 بەفرانبار 2725

هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتیی بازاڕییانی تاران لەمەڕ نادادپەروەری، گرانیی لەڕادەبەر و هەڵاوسان، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ترسی سەرهەڵدانی بزووتنەوە خوێندکارییەکان زانکۆکانی تارانیان داخست.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابروودا کۆمەڵێک لە چالاکانی خوێندکاری و خوێندکارانی زانکۆکانی تاران لە بانگەوازێکدا داوایان لە خوێندکارانی زانکۆکانی تاران کردبوو کە بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتیی بازاڕییانی تاران، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا پشتیوانیی خۆیان بۆ بازاڕییانی تاران دەرببڕن.

هەر لەو پێوەندییەدا بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ترسی یەکگرتوویی و سەر‌هەڵدانی بزووتنەوە خوێندکارییەکان لە تاران، بە پاساوی "لەبارنەبوونی دۆخی کەشوهەوا" پشووی گشتییان ڕاگەیاند.

شایانی باسە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەروەها بڕیاری پشووی گشتیی بۆ زۆربەی دامودەزگا ئیدارییەکان لە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانبار ڕاگەیاند.

سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێژیم لەمەڕ ڕێگری و بەرپەرچدانەوەی بزووتنەوە و ڕاپەڕینی کۆمەڵگەی ئێران، چالاکانی خوێندکاریی زانکۆی "ئەمیرکەبیر"ی تاران بە دەرکردنی بەیاننامەی جودا، پێداگرییان لەسەر ئەوە کردەوە کە لەپاڵ خەڵکی ناڕازیدا ڕادەوەستن و هەڕەشە و ڕێگرییەکان ناتوانن پێش بە ناڕەزایەتیی سەرانسەری بگرن.

ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی بازاڕییانی تاران ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانبار دەستی پێ کرد و دواتر شارەکانی هەمەدان، کرمان، قشم و مەلاردی گرتەوە و ئێستاش بەردەوامە.