لە درێژەی هەوڵەکانی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ بۆ سزادانی کەسایەتی و ناوەندە پێوەندیدارەکان بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەپێوەندی لەگەڵ سەرپێچیکردن لە سزا لانیزۆرییەکان، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا شەش کەسایەتی دیکەی سزا دا.
ڕۆژی سێشەممە ٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا شەش کەسایەتیی پێوەندیدار بە پێشێلکردنی سزا چەکوچۆڵییەکانی دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە ٥ کەسیان ئێرانی و کەسی دیکەش ڤێنێزۆئیلایینی، سزا داوە.
بەپێی زانیارییەکان شوناسی ئەو ٦ کەسایەتییە سزادراوە بریتین لە: مەهدی غەفاری و عیرفان قەیسەری سەر بە شیرکەتی "کاوشگەرانی ئاسمانی مەوجێ قادر"، بەهرام ڕەزایی سەر بە شیرکەتی "فەنناوەری ئێلێکترۆ مەوجێ موبین"، موستەفا ڕۆستەمی سانی سەر بە شیرکەتی "سەنایەعی شیمیایی پارچین"، ڕەزا زارپوور سەر بە شیرکەتی "پەردیسان ڕەزوانێ شەرقێ بەینۆلمللەلی" و هەروەها خووزە ئوردانتا گۆنیزانس خەڵکی ڤینیزۆئێلا.
بەپێی بڕیاری وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، هەر جۆرە هاوکارییەکی ماڵی لەگەڵ ئەو کەسایەتی و شیرکەتە سزادراوانە لەلایەن هەموو ئەمریکاییەکەوە ڕێگەپێنەدراوە و سەرپێچیکاران سزا دەدرێن.
هەروەها ئەو وەزارەتەی ئەمریکا پێداگر بووە لەسەر ئەوەی کە هەوڵەکانیان لە چوارچێوەی ڕێگری لە تۆڕە پێوەندیدارەکان بە پەرەپێدانی چەکوچۆڵ، ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچییان و ڕاگواستنی چەکوچۆڵی نایاسایی بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی خستووەتە گەڕ.
پێشتریش وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە درێژەی گەمارۆ نوێیەکانی دژی ڕێژیمی ئێران و گرتنەبەری گوشارە لانیزۆرییەکان، لە هەژماری "ئێکس"دا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و لەو ڕاگەیەندراوەدا باسی لەوە کردبوو کە: "تۆڕێکی بەربڵاوی ٣٢ کەسی لە کەسایەتی و ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمی تاران کە پێوەندییان بە بەرنامە ناوکی و مووشەکییەکانی ڕێژیمەوە بووە، سزا داوە".