کتێبی "ڕێگای سبەینێ؛ نەوەی نوێ، ڕێبەرایەتی و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ڕێڕەوی ڕێکخراوەکان بۆ داهاتووی گەش"، نوێترین بەرهەمی "کەیهان محەممەدینژاد"، نووسەر و ڕۆژنامەوان، بڵاو کرایەوە.
ئەم کتێبە بە ڕوانگەیەکی شیکاری و کردەیی، لێکۆڵینەوە لە چەمکە نوێیەکانی ڕێبەرایەتی، بەڕێوەبردنی ڕێکخراوەیی و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە بەستەری ڕێکخراوەکاندا دەکات و هەوڵ دەدات چوارچێوەیەکی هزری و کردەیی بۆ جووڵەی ڕێکخراوەکان بەرەو داهاتوویەکی بەردەوام و گەشەپێدان-تەوەر پێشکەش بکات.
"ڕێگای سبەینێ" لە چوارچێوەی بەشگەلی جیاوازدا، بابەتگەلێکی وەک پێناسەی ڕێکخراو، ڕێبەرایەتی و بەڕێوەبردن لە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی-سیاسی، پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و دابەشکردنی ڕۆڵەکان لە دۆخە هەستیارەکاندا، پلاندانانی ستراتێژی، ڕاکێشان و پاراستنی ئەندامان، بەتواناکردنی هێزی مرۆیی، بەڕێوەبردنی قەیران، پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ڕێکخراو، یەکگرتوویی ئایدۆلۆژیک، ڕۆڵی لاوان، پەروەردە و داهێنان، تەکنۆلۆژیا، ئاکار و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و هەروەها دێموکراسیی ناوخۆیی ڕێکخراو دەخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
نووسەر لەم بەرهەمەدا هەوڵ دەدات بە پشتبەستن بە ئەزموون و شیکاری، ئەوە دەربخات کە ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان چۆن دەتوانن بە ڕێبەرایەتییەکی ئاگایانە، بەشداریکەرانە و ئاکار-تەوەر، ڕۆڵێکی کاریگەرتر لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و بنیاتنانی داهاتوودا بگێڕن.
کتێبی "ڕێگای سبەینێ" خوێنەرانی وەک چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەندامانی ڕێکخراوەکان و گرووپەکان، خوێندکارانی زانستە مرۆییەکان و هۆگرانی بابەتەکانی ڕێبەرایەتی و بەڕێوەبردنی ڕێکخراوەیی کردووەتە ئامانج و هەوڵ دەدات پردێک لە نێوان تیۆری و کردەوەدا لەم بوارانەدا دروست بکات.