کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوە جیهانییەکان سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی ئێران

11:24 - 10 بەفرانبار 2725

دۆنالد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە سەرەتای چاوپێکەوتنی لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهوو بە ئاماژەدان بە گەڕی نوێی خۆپێشاندانەکان لە تاران و هەندێک لە شارەکانی دیکە وتوویەتی، کە خەڵکی ئێران کێشەی زۆریان هەیە، هەڵاوسان زۆرە و ئابوورییان داڕماوە، دەزانم خەڵک ناڕازین بەڵام نابێ لەبیرمان بچێت کە هەرکات خۆپێشاندانێک دەبێت و گرووپێکی بچووک یان گەورە درووست دەبێت دەست دەکەن بە تەقەکردن لە خەڵک، ئەوان زۆر بێڕەحم و بێ بەزەیین.

ڕاجر ویکێر، ئەندام پارلەمانی ئەمریکا، لە کاردانەوەی بەم خۆپێشاندانانە وتوویەتی کە خەڵکی ئێران ئەمڕۆ لەمەڕ داڕمانی ئابوورییەک لەسەر شەقامەکانن کە ڕێبەری پشتیوانی تێرۆریسمی کۆماری ئیسلامی بەسەر وڵاتەکەیدا هێناوە.

ناوبراو وتوویەتی کە بەجێی پشتیوانیکردن لە تێرۆریستە ئیسلامگەراکان، پشتیوانی لە شەڕی خەڵکی ئێران بۆ گەیشتن بە حوکمرانێکی عاقڵ دەکەم کە بەرژەوەندیی خەڵکی لەبەرچاو بێت، خەڵکی ئێران دەبێت لە زوڵمێک کە پێش بە گەشەیان دەگرێت، ڕزگارییان بێت.