ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤، مەجلیسی ڕێژیم سەرووترین ئاستی مارەیی ژنانی لە ١١٠ سکەوە بۆ ١٤ سکە کەم کردەوە و ئەمە کاردانەوەی توندی ژنانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
بەپێی ئەم یاسایە، مارەیی ژنان بە هەر ڕادەیەک بێت تەنیا بۆ ١٤ سکەی سزای دارایی بۆ پیاوان دیاری دەکرێت و زیاتر لەم ژمارەیە سزای بەدواوە نابێت و تەنیا بەپێی توانای پیاوەکە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێ.
مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە بەپێی پەسەندکراوێکی نوێ کە دەبێ لەلایەن شۆرای نیگابانی ڕێژیمەوە پشتڕاست بکرێتەوە، سزای بەندکردنی پیاوان بە هۆی مارەییەوە نەماوە و داواکردنی زیاتر لەو ڕێژەیەش بە توانایی دارایی پیاوەکەوە بەستراوەتەوە.
بەپێی ئەم پەسەندکراوە مارەییەک کە ڕێژەکەی زیاتر لە ١٤ سکە بێت تەنانەت بڕیاری دابەشکردنی مانگانەش نایگرێتەوە.
وتەبێژی لێژنەی سەرۆکایەتیی مەجلیس لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە پێشتر بۆ مارەیی زیاتر لە ١١٠ سکە، سزای بەندکردن هەبوو، بەڵام بەپێی ئەم پەسەنکراوە ئێمە بەندکرانەکەمان لا بردووە و پێبژاردنی ١٤ سکەکە بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکییەوە دەبێ.
لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا مارەیی قەرزی پیاو بە ژنە کە بە "عندالمطالبە" ناوی لێ دەبردرێت بەو مانایە کە هەر کاتێک ژن داوای کرد، پیاو ئەرکدار بە پێبژاردنی بێت و ئەم پەسەندکراوە دژی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامییە کە خۆیان مارەییان بە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ ژنان ناو دەبرد.
پەسەندکرانی گۆڕینی یاسایی مارەیی کاردانەوەی زۆری ژنانی بەداوە بووە و ڕایانگەیاندووە کە ئەم پەسەندکراوە و لابردنی سزای بەندکران بۆ پیاوان لەکاتێکدایە کە هیچ گۆڕانێک لە یاساکانی بنەماڵە و گەڵاڵەی ئەمنییەتی ژناندا پێک نەهاتووە و ئەمەیان بە نیشانەی هەڵاواردنی ئاشکرا دژی ژنان ناو بردووە.
هەندێک لە چالاکانی بواری ژنانیش پێیان وایە کە مارەیی لە کاتی ئێستادا تەنیا کەرەستەی بەرگریی ژنان لە بەرانبەر جۆرەکانی توندوتیژیی سیستماتیکە کە بەتایبەت لە چوار دەیەی ڕابردوودا بەسەریاندا سەپاوە.
گرینگیدانی رێژیم بە پرسی مارەیی و زۆرکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر ژنان لەکاتێکدایە کە زۆربەی یاساکان لەم دەسەڵاتەدا دژی ژنانن و بەرەوڕووی هەڵاواردنی ئاشکرا دەبنەوە.