کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵدەرییەکانی ئاڵمان: نەمان بۆ دیکتاتۆر دروشمی سەرەکیی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێرانە

12:10 - 10 بەفرانبار 2725

ماڵپەڕ و هەواڵدەرییەکانی ئاڵمان کە ڕووماڵی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئەم دواییانەی ئێرانیان کردووە باسیان لەوە کردووە کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی ئێراندا، خەڵکی ناڕازی کەسی یەکەمی دەسەڵاتداری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی یانی عەلی خامنەییان کردووەتە ئامانج.

ماڵپەڕ و میدیاکانی ئاڵمان باسیان لەوە کردووە کە ناڕەزایەتییەکان سەرەتا لە بازاڕییانی تارانەوە دەستی پێ کرد و خاوەن دووکانەکان لە دژکردەوە لەهەمبەر گرانی، هەڵاوسان، چوونەسەرەوەی نرخی پێداویستییەکان، هاتنەخوارەی بەهای تمەن و کەمیی توانای کڕینی خەڵک هاتنە سەر شەقام و ناڕەزایەتیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.

زانیاریی هەرکام لە میدیاکانی "چوون تاگس شاو"، "دوویچلەند فوونک" و "فرانکفۆرتێر ئاڵگماینە"ی  ئاڵمانی دەرخەری ئەوەیە کە ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژانی دووهەم و سێهەمدا بەخێرایی پەرەیان سەندووە و زیاتر لە خۆپیشاندان لەدژی هەڵاوسان و گرانی، سەرەوەی دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەوانەش ڕێبەری کۆماری ئیسلامییان کردووەتە ئامانج.

هەروەها لەو ڕاپۆرتانەدا ئاماژە بە دروشمەکانی ئەو ناڕەزایەتییانە وەک "نەمان بۆ دیکتاتۆر کراوە، کە ڕاستەوخۆ ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، عەلی خامنەییە دەگرێتەوە.

لەو ڕاپۆرتەی میدیا و ماڵپەڕە بەناوبانگەکانی ئاڵماندا باس لە دۆخی نالەباری ژیانی خەڵک و هەژاریی لەڕادەبەدەر کراوە کە هەموویان لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا ڕووبەڕووی خەڵکی بێدەرەتانی ئێران بووەتەوە.

ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی بازاڕییانی تاران ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانبار دەستی پێ کرد و دواتر شارەکانی هەمەدان، کرمان، قشم و مەلارد و چەند شاری دیکەی گرتەوە و هەتا ئێستاش بەردەوامە.