کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی ناوەندێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پەرەسەندنی قەیرانە هاوکاتەکان لە ئێران

12:21 - 10 بەفرانبار 2725

ناوەندێکی نێودەوڵەتیی شیکاری جیۆپۆلەتیک، سەبارەت بە بارودۆخی ناجێگیری ناوخۆی ئێران هۆشداریی داوە، و ڕایگەیاندووە هاوکات کۆمەڵێک قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی، سەقامگیریی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامییان لەگەڵ هەڕەشەیەکی بێوینە بەرەوڕوو کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی "سپێشڵ ئۆراسیا" کە لە بواری هەڵسەنگاندنی مەترسی و پێشهاتە ناوخۆییەکانی وڵاتان چالاکییان هەیە، ئاستی ناڕەزایی گشتی لە ئێران، گەیشتووەتە قۆناغێکی قەیراناوی و ناڕەزاییە ئابوورییە پەرشوبڵاوەکان وردەوردە لەگەڵ فۆرمەکانی تری نافەرمانییە سیاسییەکان تێکەڵ دەکرێن.

ئەم ناوەندە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بەردەوامیی گوشارەکانی بژێوی ژیان، کەمبوونەوەی توانای کڕین و کەمتوانایی وڵات لە کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان، بەستێنی کۆمەڵایەتیی نائارامییەکانی ئەم دواییانەی فراوانتر کردووە.

لەسەر بنەمای ئەم هەڵسەنگاندنە، لە حاڵەتی بەربڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە شارە گەورەکان و سەنتەری سەرەکیی بەرهەمهێنان و بازرگانی، ئەگەری دروستبوونی ناڕەزایی سەرانسەری هەیە. پێشهاتێک کە دەتوانێ توانانیی دەولەت لە کۆکردنەوەی ماڵیات، دابینکردنی کاڵای سەرەکی و بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانە بە شێوەیەکی جیددی تووشی کێشە بکات.

هەروەها سپێشڵ ئۆراسیا ئاماژەی بە گۆڕینی شێوازی نائارامیی شارەکان کردووە و ئەمەی وەکوو نیشانەیەک لە یەکگرتوویی چینی مامناوەندی بازاڕ لەگەڵ چین و تویژەکانی دیکەی کۆمەڵگەی ناڕازی زانیوە.

داخستنی بەربڵاوی کار و پیشەکان لە بازاڕە گەورەکانی تاران، کە بە شێوەیەکی نەریتی بە یەکێک لە بنەما کۆمەڵایەتییەکانی سەروەری دادەنرێت، لە ڕوانگەی ئەم ڕێکخراوەیەوە کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی متمانەی گشتی بە بەڕیوەبردنی ئابوریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دادەنرێت.

لە کۆبەندی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، کە وڵاتی ئێران لە بارودۆخی هەنووکەییدا لەگەڵ کەڵەکەبوونی قەیران لەڕووی پانتایی و هاوکات بوونەوە بەرەوڕوو بووەتەوە، کە لە دەیەی ڕابردودا بێوێنە بووە.

ئەم ناوەندە هۆشداریی داوە، کە لە کاتی نەبوونی گۆڕانکاریی بەرچاو لە بارودۆخە قەیراناوییەکان یان دەسپێڕانەگەیشتن بە سەرچاوە داراییە ناوخۆییەکان، نائارامییە مەدەنییەکان بە ئەگەری زۆرەوە لەڕووی چری، بەربڵاوی و بەردەوامبوونەوە ڕوو لەزیادبوون دەکەن.