یازدەیەمین فێستیڤاڵی بەیت و حەیران لە سەردەشت لە ڕۆژی ١١ی سەرماوەزی ئەمساڵدا دەستی بە کارەکانی کرد.بەپێی زانیارییەکان فێستیڤاڵی ئەمساڵ بە بەشداریی ٢٥٠ هونەرمەند لە ٢٠ پارێزگای ئێرانەوە و لە هۆڵی شەهیدانی کیمیابارانی سەردەشت دەستی پێ کرد و تا ڕۆژی ١٣ی سەرماوەز بەردەوام دەبێت.
ئەو فێستیڤاڵە بە هەوڵی بنکەی هونەری و کولتووری "شارۆ" و چەندین بنکە و دامەزراوەی دیکە بەڕێوە دەچێت و بەشداربووانی ئەو فێستیڤاڵە لە هەموو ناوچە جیاجیاکان و نەتەوەکانی ئێران پێک هاتووە.
ئەم فێستیڤاڵە لەو سێ ڕۆژەدا لە کاتژمێر ١٠ی بەیانییەوە دەست پێ دەکات و هەتا ١٢ی شەو بەردەوام دەبێت و لە دوو بەشی کێبڕکێ و کراوە پێکهاتووە.
لە بەشی کێبڕکێدا دەنگی بە تەنیا، ژەنیاری بە تەنیا، ژەنیاری دووانە لە سێ گرووپی ١٨ هەتا ٣٥ ساڵ و ژەنیاری بە کۆمەڵ لە هەموو تەمەنەکاندا کێبڕکێ دەکەن.
لە بەشی کراوەدا تاقەدەنگ یان یەک کەسی، یەک ژەنیاری و دوو ژەنیاری و بەکۆمەڵ بەبێ چوارچێوەیەکی دیاریکراوی تەمەنی، هونەری خۆیان پێشکەش دەکەن.
ڕێکخەرانی ئەو فێستیڤاڵە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئامانج لە ڕێکخستنی فێستیڤاڵی بەیت و حەیران بەزیندوویی ڕاگرتنی ئەو بەشە گرینگەی ئەدەب و کەلەپووری کوردی و ناساندنی بە نەتەوەکانی دیکەی ئێرانە.
ئەم فێستیڤاڵە بە شێوەی ساڵانە و لەم وەرزەدا لە شاری سەردەشت بەڕێوە دەچێت و دوای کۆتاییهاتنی هونەرمەندانی سەرکەوتوو خەڵات دەکرێن.