ڕۆژی هەینی ٧ی سەرماوزەی ١٤٠٤(٢٨/١١/٢٠٢٥)، خاتوو گەوهەرتاج ناهید خەڵکی سڵەمانکەندی ناوچەی سەقز دوایی ماوەیەک بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی لە شاری کانبێرای ئوسترالیا کۆچی دوایی کرد.
خاتوو گەوهەر تاج ساڵی ١٩٤٨ی زایینی لە سڵەمانکەندی سەر بە شاری سەقز لە ناو بنەماڵەیەکی شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەر لەدایک بوو.
ناوبراو لەناو بنەماڵەی کوردپەروەری فەیزوڵابەگیدا وانەکانی نیشتمانپەروەری و شۆڕشگێری فێر بوو و تا مردن وەفادار بەو ڕێبازە مایەوە.
بنەماڵەی ناوبراو هەمیشە پشت و پەنای شۆڕشی حەقخوازانەی گەلی کورد بوون.
خاتوو گەوهەرتاج لەگەڵ بەڕێز کاک قادر عەبدی ئەندامی پێشوی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ژیانی هاوبەش پێک دێنێ و شانبەشانی هاوسەری پێشمەرگەی قۆناغە سەخت و ناخۆش و ئاوارەییەکان بە ئیمانەوە تێدەپەڕێنێ و لە شەڕ و ناخۆشییەکاندا وەک پشت و پەنای کاک قادر دەمێنێتەوە.
گەوهەرتاج خانم لە ساڵی ١٩٩٧، وێڕای بنەماڵەکەی ئاوارەی هەندەران دەبێت و لە شاری سیدنی لە وڵاتی ئوسترالیا جێگیر دەبێت .
ناوبراو وەک کەسایەتییەکی کوردپەرەوەر لە هەندەران زۆر جێی ڕێز و ئێحترامی دەوروبەر بوو و زۆر زوو بوو بە دایک و خوشک و پەنا بۆ هاوڕێکانی.
تەرمی ناوبراو بە بەشداریی خەڵکێکی زۆر لە شاری کانبێرا بە خاک ئەسپێردرا.
ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی ناوبراو بە شکۆیەکی زۆرەوە هەم لە کانبێرا و هەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت