کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دوکتور کاوە کەلهوڕنیا لاوی بلیمەتی خەڵکی گیەڵان

12:10 - 10 سەرماوەز 2725

دوکتور کاوە کەلهوڕنیا لاوی هونەرمەند و بلیمەتی خەڵکی گیەڵان، ئاوازدانەر و مامۆستای ئامێرەکانی عوود و دیوان و داهێنەری کەرەستەی پزیشکی، بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو دەرچووی دوکتورای ئێلێکترۆنیک بووە و جگە لە سەرکەوتنە بەرچاوەکانی لە بواری داهێنانی کەلوپەلی پزیشکی، لە بواری مۆسیقاشدا کەسێکی چالاک و ناسراو بوو.

ناوبراو ماوەی ساڵانێکی زۆر بەشداریی لە پرۆژە هونەرییە جیاوازەکاندا کردووە و بە هۆی لێهاتوویی لە ژەندنی سازەکانی دیوان و عوود، پێگەیەکی تایبەتی لە کۆنسێرت و بوارەکانی مۆسیقادا هەبوو.

ئەم هونەرمەندە کوردە کەسێکی لەخۆبوردوو بوو کە لە تاران خەریکی وانەوتنەوە لە بواری مۆسیقادا بوو و زۆرەی هونەرمەندان بەتایبەت لە بواری مۆسیقای کوردیدا، هاوکارییەکانی بە خاڵی گرینگی کارنامەی کاریی خۆیان دەزانن.

ناوبراو ساڵی ٩٦ بۆ هاوکاریی بوومەلەرزەلێدراوانی سەرپێڵ، کۆنسێرتی "نەوای کوردیی تورەنگ"ی لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەندی دیکە ڕێک خست و هەموو داهاتی فرۆشی بلیتەکانی پێشکەشی بوومەلەرزەلێدراوان کرد.

دوکتور کاوە لە ساڵی ١٤٠١یشدا لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی "خوێندنەوەی شامی کرماشانی"دا ڕۆڵی هەبوو.

بەشێکی گرینگی چالاکاییەکانی ناوبراو دەگەڕێتەوە بۆ نوێکردنەوە، ئامادەکردن و زیندووکردنەوەی ئاوازە فۆلکلۆرە کوردییەکان و بەرهەمەکانی هونەرمەندانی دیاری وەک حێشمەتوڵڵا لوڕنژاد و ئیسماعیل خانی مەسقەتی.

ناوراو هەروەها هاواهەنگیی گرووپە ئێرانییەکان لە فێستیڤاڵی مۆسیقای ئۆتریشی لە ئەستۆ بووە.

دوکتور کاوە لە سەردەمی خوێندکاریشدا کەسێکی چالاک بووە و لە دامەزراندنی ئەنجومەنە خوێندکارییەکان و بەڕێوەبردنی ڕێوڕيسمی فەرهەنگی – هونەریی کوردیدا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە.

ناوبراو لە بنەماڵە ناسراوەکانی کورد لە دەیەکانی ٢٠ و ٣٠ی هەتاوی بوو.

تەرمی ناوبراو ئەمڕۆ دووشەممە لە باخی فێردەوسی کرماشان و بە بەشداریی بەرچاوی خەڵک بە خاکی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.