یاریگای ١٥ هەزار کەسیی کرماشان لە دوای تێپەڕبوونی دوو دەیە لە دەسپێکی دروستکردنی و سەرەڕای تێچوویەکی زۆر، هەروا لە دۆخی ناڕووندایە و نیوەچڵ ماوەتەوە.
پڕۆژەی دروستکردنی یاریگای کرماشان لە سەرەتای ساڵی ٨٢ی هەتاوییەوە لەژێر ناوی "یاریگای ١٥ی خورداد" دەستی پێ کرد و بە دانی بەڵێنی دروستکردنی کۆمەڵەیەکی ستاندارد پێکهاتوو لە زەویی چەمەن، پیستی تارتان، شوێنی خۆگۆڕین، سەکۆی تایبەت و پارکینی گەورە دەستی بە کارەکانی کرد.
بەو حاڵەش، لە کاتی دەسپێکی کرانەوەی فەرمیی ئەو پڕۆژەیە لە ساڵی ١٣٩٣ـەوە هەتا ئێستا کارەکانی ئەو یاریگا وەرزشییە تەواو نەبووە.
ناستانداردبوونی کوالێتیی چەمەن، ناتەواویی سیستەمی ڕووناکی، نەبوونی پڕۆژێکتۆر، پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و نەبوونی چاوەدێریی دروست هۆکارەکانی بێ کەڵکبوونی ئەو یاریگایەیە.
ئەو یاریگایە کە لەو دوو دەیەدا دەبوو شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکان بێت، بەهۆی نەبوونی بەڕێوەبەری و چاوەدێرییەوە لە کاتی فێستیڤاڵی ئەسپی ڕەسەنی کوردیدا کەڵکی لێ وەرگیرا کە ئەمە زیانی زیاتری پێ گەیاند.
لەکاتێکدا لە ماوەی دوو دەیەدا زیاتر لە ٤٠ میلیارد تمەن بۆ دروستکردن و تەواوکردنی ئەو پڕۆژەیە خەرج کراوە هەتا ئێستا لانیکەم ١٥ میلیاردی دیکە بۆ نۆژەنکردنەوە و چارەسەری کێشەکانی تەرخان کراوە.
بەم حاڵەوە هیچ دوورەدیمەنێکی ڕوون لە کاتی تەواوبوونی ئەو یاریگایە دیار نییە و گەڵاڵەی دانی بە کەرتی تایبەت لەم ساڵانەدا تەنیا لەسەر کاغەز ماوەتەوە.
وەزشوانان و ڕاهێنەرانی کرماشان چەندین جار سەبارەت بە نەبوونی یاریگای ستاندارد ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ئۆباڵی ناتەواوبوونی ئەو پڕۆژەیەیان بۆ بەڵێنییە ناتەواو و ناکارامەییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم گەڕاندووەتەوە؛ پڕۆژەیەک کە هێمای سەرنجنەدان و پشتگوێخستنی ئەو بەرپرسانەی ڕێژیم بە ژێرخانە وەرزشییەکانی کرماشانە.