کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە شنۆ

15:03 - 14 سەرماوەز 2725

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤، کاک غەفوور چووپانی، ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات و خەڵکی گوندی سەرگیز سەر بە ناوچەی نەڵۆسی شنۆ لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا و بە هۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.

دوای کۆنگرەی ٤ کە حیزب دەستی بە سازماندانی هێزەکان و هێزی بەرگری کرد، کاک غەفوور بە چەکی خۆیەوە لە ڕیزی هێزی بەرگریی شنۆدا سازمان درا و هەتا خەرمانانی ۱۳٦۰ کە شنۆ گیرایەوە و هێزی پێشمەرگە ناوچەیان بەجێ هێشت لە هێزی بەرگریدا بە فەرماندەیی نەمر حاجی محەمەمد ئەسکەندەری مایەوە.

ناوبراو دواتریش وەک ئەندامی حیزب مایەوە و هەر ئەرکێکیی حیزبی پێ سپێردرابایە بەجێی دەگەیاند.

کاک غەفوور یەکێک لەو ئەندامانەی حیزب بوو کە چەندین جار تیمی کادر و پێشمەرگەی لە ماڵی خۆی شاردووەتەوە و خزمەتی کردوون و ئەو کاتانەی هێز دەچووەوە ناوچە و لە باخەکان دەمانەوە لەگەڵ هاوسەرەکەی خزمەتیان کردوون.

دوای شەهیدبوونی چەند پێشمەرگەی حیزب، کاک غەفوور یەکێک لەو چەند کەسەی بوو کە تەرمی شەهیدەکانی لە مەیدانی تێکهەڵچوونەکە دور خستەوە و نەیهێشت بکەونە دەستی دوژمن و بە ئاگاداریی حیزب لە شوێنێک بە خاکیان سپاردن .

کاک غەفوور هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات مایەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.