
برایم چووکەڵی
"تابڵۆیەکی ھاوار دەنەخشێنم بە ڕەنگی خوێن
هێڵکاری ژان بێ و کۆچی یاری بێسەروبێشوێن"
لە مێژووی خەباتی نەتەوەکەماندا زۆر ڕۆڵەی قارەمان لە ڕیزی پێشمەرگەکانی کوردستاندا بۆ دیفاع لە مان و مەوجوودییەتی نەتەوەکەیان و بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان، هاتوونەتە گۆڕەپان و بە هەزاران داستانی پڕ لە سەروەری و ئازایەتی، فیداکاری و لەخۆبوردووییان تۆمار کردوە. "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەمجارە باس لە ژیانی فەرماندەیەکە کە سەرانسەری ژیانی دەرد و ڕەنج و کوێرەوەری بوو، بەڵام هەرگیز لە ژیانیدا نەبەزی و بگرە ئازایانە بەسەر کۆسپەکانی ژیاندا زاڵ بوو. ئەم فەرماندەیە شەهید حەمەدەمینی سۆفیپوور لە ناوچەی سنەیە.
محەممەدئەمین سۆفیپوور ساڵی ١٣٢٣ لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش لە شاری سنە چاوی بە جیهان پشکووت. منداڵ بوو بابی لە دەست دا و پاش مردنی بابی ناچار بوو بۆ دابینکردنی ژیانی خۆی و خەرجی خوێندنی کار بکا و بۆ وەدەستهێنانی کار ئەم شار و ئەو شار بکا. لە هەڕەتی چوونە قوتابخانەدا نەداری ڕێگای نەدەدا حەمەدەمینی مێرمنداڵ سەرەڕای هۆگرییەکی زۆری بە خوێندن، درێژە بە خوێندن بدا و ناچار بوو هەر بە سەوادی خویندنەوە و نووسین ڕازی بێ.
حەمەدەمین لە منداڵیەوە هەستی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری لە دەرونیدا ڕەگی داکوتا، بۆیە زەبروزەنگی ڕێژیمی بێزراوی پەهلەوی کاری کردە سەر ناخی و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەجێ هێشت بۆوەی خۆی بگەیەنێتە پێشمەرگە قارەمانەکانی لە باشووری کوردستان، بەڵام لە سنوور گیرا و تەحویلی ڕێژیمی شا درا و کە دوای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر ڕێژیمی کۆنەپەرستی پەهلەوی حەمەدەمینی ڕەوانەی سەربازی کرد. لە پادگاندا ئەو شەهیدە دژی ئەو ئەفسەر و دەرەجەدارە بەکرێگیراوانە دەجووڵایەوە کە زوڵمیان لە سەربازەکان دەکرد. حەمەدەمین سۆفی پوور پاش تەواوکردنی ماوەی سەربازی دەستی بە کرێکاری کرد و ژیانی هاوبەشی پێک هێنا.
لە قۆناغی نوێی ژیانیدا حەمەدەمین سرەوتنی نەبوو. فکری خەبات و بەربەرەکانی دژی ڕێژیم هەمیشە مێشک و بیری بەخۆیەوە خەریک کردبوو. هەر بۆیە کاتێک ئاگری شۆرشی گەلانی ئێران هەڵگیرسا، حەمەدەمینی سۆفیپوور بۆ بەتینکردنی ئەو ئاگرە و، داگرتنی هەموو لایەک بە نۆرەی خۆی هەوڵی دا و، لە خۆپێشاندانەکانی دژی ڕێژیمی پەهلەویدا بەشداری کرد. پاش سەرکەوتنی شۆرش هاتە نێو ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکرات و چالاکانە بۆ بردنەپێشی سیاسەتی حیزب لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا تێدەکۆشا. لە شەڕی داسەپاوی ساڵی ٥٨ی سنەدا، شەهید حەمەدەمین دەستی بە ڕێكوپێککردنی پێشمەرگەکان کردو فەرماندەریی پێشمەرگەکانی شاری سنەی گرتە ئەستۆ. دلێری و قارەمانیی حەمەدەمینی شەهید لە شەڕەکانی نێو شارەکانی سنەدا، بوو بە هۆی ئەوە سەرنجی خەڵک بۆ لای حیزبی دیموکرات ڕاکێشێ و دوای ئەوەی ڕێژیمی کۆنەپەرستی خومەینی، بە تەواوی هێزیەوە شاری سنەی کوتا، شەهید حەمەدەمین لە شار نەچۆوە دەر و هەروا خەریکی پێکهێنانی هەستەکانی نیزامی بوو. ئەو لە هەموو دەرفەتێک بۆ وەشاندی زەبری گورچوبڕ لە دوژمنی فاشیست و کۆنەپەرست کەلکی وەردەگرت. لە بەفرانباری ساڵی ٥٨دا کاتێک جاش و پاسدارەکان هێرشی دڕندانەی خۆیان بۆ سەر کامیاران دەست پێ کرد، فەرماندەی قارەمان حەمەدەمینی سۆفیپوور لەگەڵ لکەکەی ڕەوانەی ناوچەی کامیاران کرا و لەوێش بە زەبری دوژمنشکێنی خۆی دوژمنی وەلەرزە خست و زەبری زۆر کاریگەری لە دوژمن وەشاند.
لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ٥٩دا کە هجوومی دووبارەی ڕیژیمی کۆنە ەرستان بۆ سەر کوردستان دەستی پێ کرد و شاری سنە بۆ ماوەی مانگێک کەوتە بەر ئاگری تۆپ و خومپارەی دوژمن، شەهید حەمەدەمینی سۆفیپوور وێرای خەڵکی قارەمانی سنە، ئازایەتی و لەخۆبووردوویان نواند و دوژمنیان وەلەرزین خست. لە هەموو کۆڵانەکان و شەقامەکانی شاردا حەمەدەمینی پێشمەرگەی حیزب، ڕۆڵەی بەجەرگ و ئازای گەلەکەمان لە سەنگەری یەکەمدا بوو. ناوی ئەو بۆ هەموو پێشمەرگەکان و خەڵكی خۆڕاگری سنە ناوێکی ئاشنا و لەسەر زار و زمانان بوو، چونکە لەهەر جێگایەک هێرشی کردبایە سەر دوژمن تێکی دەشکاندن. کاتێک پێشمەرگە قارەمانەکان لە بەر ئاگری بێئامانی دوژمنی دژی گەلی و بۆ پێشگرتن لە کۆشتاری خەڵکی بێدیفاع شاریان بەجێ هیشت، حەمەدەمین بە چاوێکی پڕ لە فرمێسک بەڵام ورەیەکی پۆڵایین لەگەڵ هاوسەنگەرانی شاری بەجێ هێشت و چیا بەرزەکانی کردە سەنگەری دیفاع لە گیان و کەرامەتی گەلەکەی و لەوێش هەدای نەدا و ئاوری لەسەر پشتی دوژمن دەکردەوە.
سەرئەنجام ڕۆژی ١٧ی پووشپەری ساڵی ١٣٥٩ کاتێک ستوونێکی نیزامی لە هێزە دژە گەلییەکانی ڕێژیم هێرشیان کردە سەر ناوچەی باینچوو، شەهید حەمەدەمین لەگەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکان پێشی بەو ستوونە گرت و بە زەبری کاریی خۆی توانی ستوونەکە تێکبشکێنێ. لە حالێکدا شەهید حەمەدەمین سۆفیپوور بۆ لەنێوبردنی یەکجاریی ستوونەکە دەچووە پێش، لەنەکاو بەکرێگیراوێکی ڕێژیم دڵی پڕ لە خۆشەویستی حەمەدەمینی دایە بەر گوللە و خوێنی گەشی ڕشتە سەرخ اکی پیرۆزی نیشتمان. حەمەدەمین سۆفیپوور و بەسەرهاتی ئەو قارەمانە ئیلهامدەری سەدان و هەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە بوو کە ڕیزەکانی خەبات و پێشمەرگایەتییان گرتەبەر.
یادی هەرمان و سەنگەری خەباتی ئاوەدان.