یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەمەڕ ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، سێمینارێکی لە چوارچێوەی باسکردنی توندوتیژی و مێژووی توندوتیژی دژی ژنان، بەڕێوەبرد.
ڕۆژی شەممە ۱٥ی سەرماوەزی ۱٤۰٤ی هەتاوی، لە یەکێک لە بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن بەشی پەروەردەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێک بۆ بەڕێز خاتوو “ئاڵا کەماڵ محەممەد” چالاکوان و داکۆکیکاری مافی ژنان و کرێکاران، لە ژێر ناوی “مێژووی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و بەراوردکردنی بە دۆخی ئێستای ژنان و ئەو توندوتیژیانەی بەرانبەریان دەکرێ” بەرێوەبرد.
سەرەتای سیمینارەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ بەرزڕاگرتنی یادی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد و پێشکەشکاری سیمینارەکە خاتوو "شەیدا یاری" بە باسکردنی پێشەکییەکی کورت سیمینارەکەی دەست پێ کرد، و دواتر داوای لە خاتوو ئاڵا کرد تا بفەرموون بۆ پێشکەشکردنی بابەتەکەیان.
سەرەتای باسەکە خاتوو ئاڵا باسی لە مێژووی خەباتی ژنان لە ٨ی مارسی هەتا ۲٥ی نۆڤامبر و هۆکاری دانانی ئەو ڕۆژە و هەڵەمەتی ۱٦ ڕۆژی پرتەقاڵی لە ۲٥ی نۆڤامبرەوە، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و هۆکاری کوشتن و ئەشکەنجەی سیستماتیکی خوشکانی میراباڵی کرد و لە هەمان کاتدا پێوەندی دایەوە بە دۆخی ئێستەی کۆمەڵگە بە تایبەتی کۆمەڵگەی ئێمە وەکوو کورد، و بە تایبەتی دۆخی هەرێمی کوردستان و ئەو یاسایانەی کە ئێستا کاری پێ دەکرێ.
دواتر ئاڵا کەماڵ باسی لە یاسای یەکسانی کار لە نێوان ژنان و پیاواندا کرد و وتی کە: مووچەی کاری پیاوان و ژنان لەگەڵ یەکدا یەکسان نییە و ئەوە بە شێوازێک بە توندوتیژی یاسای کار دێتە ئەژمار، هەروەها لە بەشێکی دیکەدا باسی لە جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی کە یەکێکیان توندوتیژی سوشیاڵ میدیایە کرد و چەند نموونەیەکی هێنایەوە بۆ ئەو جۆرە توندوتیژییە.
هەروەها ئاڵا کەماڵ، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ئەمساڵ درووشمێکی هێناوەتە گۆرێ و ڕایگەیاندووە کە با ئێمە هەموومان پێکەوە بەرەنگاری توندوتیژی سوشیاڵ میدیایی ببینەوە و هەر تاکێک هۆشیارانە لە بەرامبەر ئەو توندوتیژیانە بوەستێنەوە و ڕێگە نەدەن ئەو توندوتیژیانە بەرەوڕووی تاکەکان بەتایبەتی ژنان ببێتەوە.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە ئێمە کاتێک باس لە توندوتیژی دەکەین و دەڵێین نابێ توندوتیژی بەرامبەر ژنان بکرێ، لە ڕاستیدا دەبێ لە گۆڕەپانی کردەوە و عەمەلدا کارمان بۆ ئەو بابەتە کردبێ و هەنگاومان هەڵگرتبێ، هەروەها باسیشی لەوە کرد کە دەبێ لە ساڵانی داهاتوودا نەتەوەیەکگرتووەکان کار لەسەر ناسین و نەهێشتنی توندوتیژی سیاسی بکات، و باسی لەو جۆرە توندوتیژییە کرد کە بەرانبەر هەر دوو ڕەگەز دەکرێ بەڵام ڕێژەی توندوتیژی سیاسی بۆ سەر ئەو ژنانەی کە دێنە گۆرەپانی سیاسەتەوە زۆرترە و زۆرتر ڕووبەڕووی دەبنەوە، کە پێویستە کار بۆ نەهێشتنی ئەو جۆرەی توندوتیژییەش بکرێ.
کۆتایی سیمینارەکە تایبەت کرا بە ڕاوبۆچوون، ڕەخنە، پێشنیار و تێبینیی بەشداربووان و لەلایەن کۆڕگێڕەوە وڵام درانەوە.
شایانی باسە کە خاتوو “ ئاڵا کەماڵ محەممەد”بەڕێوەبەری ڕێکخراوی کار بۆ تواناسازی کۆمەڵایەتی و ئابووری و مافە یاساییەکانی کرێکاران بە هەر دوو ڕەگەزی ژن و پیاو، بیانی و نێوخۆییە لە هەرێمی کوردستانە.
هەروەها ئەزموونی کاری ڕێکخراوەیی زیاتر لە ۳٠ ساڵە، و خاوەنی ۸ خەڵاتی ڕێزلێنانی نێودەوڵەتی و ۲٤ خەڵاتی ڕێزلێنان لە هەرێمی کوردستان و عێراقە.