کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵڵا بەبێ ڕەزامەندیی ڕێژیمی تاران چەک دانانێت

12:02 - 16 سەرماوەز 2725

لە درێژەی هەوڵەکانی دەوڵەتی لوبنان لەمەڕ چەککردنی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە کە ئەو گرووپە بەبێ ڕەزامەندیی ڕێژیمی تاران چەک دانانێت و چاوەڕێی وڵامی تارانە لەو بارەوە.

یووسف ڕەجی وەزیری دەرەوەی لوبنان ڕۆژی شەممە ١٥ی سەرماوەز، لە وتووێژێک لەگەڵ "ئەلعەرەبییە" ڕایگەیاند: "بڕیاری کۆتایی حیزبوڵڵا لەبارەی چەکدانان لە دەستی ڕێژیمی ئێراندایە".

وەزیری دەرەوەی لوبنان لەبارەی کۆتاییپێهێنان بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی تاران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت لوبنان بە "ئەلعەرەبییە"ی ڕاگەیاند: "ئەو بابەتەم لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم لە کۆبوونەوەی ناوچەییدا خستووەتە بەرباس".

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان هەوڵ دەدات لەڕێگەی کات کڕین، ڕێکخستنەوەی هێزەکانی و بردنەسەرەوەی توانا لەدەستچووەکانی خۆی وەک جاران تەیار و ڕێک بخاتەوە.

هەروەها گوشارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە چەککردنی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای سەر بە ڕێژیمی تاران چڕتر بووەتەوە و یووسف ڕەجی پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە "چەککردنی حیزبوڵڵا و لەنێوبردنی پێکهاتەی سەربازیی ئەو گرووپە بابەتێکی نێونەتەوەییە و دەوڵەتی لوبنانیش خوازیاری هەرچی زووتر جێبەجێکردنی ئەو بابەتەیە".

وەزیری دەرەوەی لوبنان باسی لەوە کرد کە کاتێک کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی داواکاری و خواستەکانی دەوڵەتی لوبنان بەهەند وەردەگرێت کە دەسەڵاتی تەواومان بەسەر وڵاتەوە هەبێت ئەوەش تەنیا بە چەککردنی حیزبوڵڵا و چڕکردنەوەی هێزی سەربازی و ئەمنییەتی لە دەستی هێزە یاساییەکان و ئەرتەشی لوبنانەوە مسۆگەر دەبێت.

هاوکات وەزیری دەرەوەی لوبنان ڕۆژی هەینی لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ نوێنەری ١٥ وڵاتی ئەندامی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێداگریی لەسەر پێشگرتن بە هێرشەکانی ئیسرائیل کردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا پێشتر یێسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بەنیسبەت چالاکییەکانی حیزبوڵڵا ڕایگەیاندبوو کە "ئێمە هەوڵە لێبڕاوەکانمان بۆ ڕێگری لە هەر جۆرە هەڕەشە لە دژی باکووری وڵات و هەموو وڵاتەکەمان درێژە پێ دەدەین، هەر کەسێک دەست لەسەرمان بەرز بکاتەوە، دەستی دەبڕین".

کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک پشتیوانی سەرەکیی دارایی و چەکوچۆڵ لە حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە تێرۆریستییەکانی دیکەی ناوچەکە و جیهان لە قەڵەم دەدرێت، ئەو گرووپانە بە بەشێک لە میحوەری مقاومەت لە دژی ئیسرائیل دەزانێت و بە پاڵپشتیی لۆجستیک و ڕاهێنان و هەواڵگری، بەشێک لە توانای سەربازییەکانی خۆی هەتا ئێستا پاراستووە.