کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری سەبارەت بە قەیرانی دەرمان بۆ تووشبووانی هێمۆفیلی

12:26 - 16 سەرماوەز 2725

سەرچاوە پسپۆڕەکانی بواری تەندروستی هۆشداری دەدەن کە قەیرانی دەرمانسازی دەچێتە قۆناغێکی مەترسیدار و بێوێنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە نوێیەکان، کەمیی دەرمان بۆ تووشبووانی هێمۆفیلی گەیشتووەتە ئاستێک کە ئێستا هەندێک لە دەرمانەکان لە لێواری تەواوبوون لە کۆگاکانی فریاگوزاریدان و چالاکانی تەندروستیش ئەمە بە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژیانی نەخۆشەکان دەزانن.

ئەمین ئەفشار سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی هیمۆفیلیای ئێران بە توندی ڕەخنەی لە وەزارەتی تەندروستی گرت و ڕایگەیاند کە هاوردەکردنی چەندین دەرمانی پێویست بۆ تووشبووانی هێمۆفیلی بە تەواوی ڕاگیراوە و کۆمپانیا بیانییەکان بەهۆی سزاکان و پەککەوتنی توندی گەڕانەوەی دراوی بیانی ناردنی دەرمانیان ڕاگرتووە.

ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەنانەت بەشێکی بەرچاو لە دراوی بیانی تەرخانکراو بەهۆی سنووردارکردنی بانکییەوە نەگەیشتووەتە شوێنی مەبەست، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێگری لە پرۆسەی دابینکردنی دەرمان دەکات.

ئەفشار بە ڕەخنەگرتن لە کەمکاریی بڕیاردەرانی بواری تەندروستی، داوای کردووە دەستبەجێ بنکەی تایبەت بە ڕێوشوێنە دەرمانییەکانی وەزارەتی تەندروستی، ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی دەرمانی ستاندارد و پەسەندکراوی جیهانی بکات.

ناوبراو ڕوونی کردەوە کە هیچ بەربەستێکی زانستی نییە، تەنها بڕیاری کارگێڕی پێویستە و بە وتەی ئەو، بەردەوامبوون لە دۆخی ئێستا دەتوانێت دەرئەنجامی قەرەبوونەکراوی بۆ تووشبووانی هیێۆفیلیی توند و بەتایبەتی بۆ منداڵان هەبێت.

لە هەمان کاتدا باس لەوە دەکرێت کە بارودۆخی بازاڕی دەرمانی گشتی هەموو کاتێک ئاڵۆزتر بووە و کەمیی نزیکەی ١٠٠ دەرمان کە زۆر بەکار دەهێنرێن، و دابیننەکردنی داواکارییەکانی بەرهەمهێنەران لە ڕێگەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و کەمبوونەوەی ٪٢٥ی بوودجەی دراوی بیانی وای کردووە کارگەکان لە ڕێگەی کەناڵی نافەرمی و بە چەند نرخێک کەرەستەی خاو بکڕن.

لە کاتێکدا بەڕێوەبەری گشتیی دەرمان لە ڕێکخراوی خۆراک و دەرمان دەڵێ: ئێران لە خراپترین قۆناغی دابینکردنی دراوی بیانیدایە، شارەزایان هۆشداری دەدەن کە بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتە ڕەنگە ببێتە هۆی زستانێکی سەخت و کەمیی بەرفراوانی ئانتی بیوتیکەکان.