کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی ئاو لە ئێران گەیشتووەتە قۆناغی هەڕەشەی سیاسی و ئەمنییەتی

12:32 - 16 سەرماوەز 2725

ناوەندی لێکۆڵینەوەی "سوفان" سەبارەت بە پەرەسەندنی قەیرانی کەمیی ئاو لە سەرانسەری ئێران هۆشداریی دا و ڕایگەیاند کە ئەم دۆخە لە قەیرانی ژینگەیی تێپەڕیوە و ئێستا بووەتە کێشەیەکی قووڵی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەمنی.

ناوەندی سوفان کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی هەینی ١٤ی سەرماوەز بڵاوی کردەوە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە قەیرانی ئاو لە ئێران دەرئەنجامی دەیان ساڵەی سیاسەتی چەواشەکارانە، پلانی کشتوکاڵی گەورە و وشکەساڵیی پێنج ساڵە کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا توندتر بووەتەوە.

ئەو ناوەندە بارودۆخی ئێستای بە داڕمانی سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران ناو بردووە و ئەمەی بە دەرئەنجامی چالاکییەکانی تۆڕێک کە بە مافیای ئاو ناسراوە، زانیوە؛ تۆڕێک کە لە هەندێک بەرپرسی سیاسی و سەربازی و بازرگانیی سەر بە ڕێژێم پێک هاتووە کە سوودیان لە پڕۆژەکانی دروستکردنی بەنداو و گواستنەوەی ئاو و گەشەپێدانی سەرەڕۆیانەی کشتوکاڵ وەرگرتووە.

بە وتەی سوفان، ئەم قەیرانە خەریکە دەبێتە هەڕەشەیەکی ئەمنی، چونکە کەمئاوی لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی بەرفراوان لە ناوچە جیاجیاکان لەوانە خووزستان و ئیسفەهان، کە ڕووبەڕووی توندوتیژیش بوونەتەوە.

لە سەرانسەری کوردستاندا وشکبوونی ڕووبارەکان و دابەزینی بەرچاوی ئاستی بەنداوەکان و کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین بووەتە هۆی قەیرانێکی قووڵ لە سەرچاوە ئاوییەکانی کشتوکاڵ و ئاوی خواردنەوە و ئەمە مەترسییەکی جیددیی  بۆ سەر ژیانی خەڵک دروست کردووە.

ناوەندی سوفان لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە ژێرخانی لاواز و تێچووی قورسی سیاسەتە ناوچەییەکانی ڕێژیم توانای ئێرانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیران کەم کردووەتەوە.