وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پەرەسەندنی گوشارە ئابووری و ئەمنییەکان لەسەر ئێران، کۆمەڵێک گوشاری نوێی خستووەتە سەر چەند کەس و دامەزراوە پێوەندیدارەکان بە بەرنامەکانی چەکوچۆڵ و پەهبادی ڕێژیمی ئێرانەوە.
ئەو گەمارۆیانە کە لە ڕۆژی سێشەممە ٩ی بەفرانبار ڕاگەیەندران، هاوکات ١٠ کەس و دامەزراوەی جێگیر لە ئێران و ڤینزوێلایان گرتووەتەوە و بەوتەی بەرپرسانی ئەمریکا، ئامانج لەم گەمارۆیانە سنوورداکردنی هێزی سەربازی و هاوکاری لە بەزاندنی سنووری تاران بووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، سێ کەسی ئێرانی کە ڕۆڵیان لە دابینکردنی ماددە کیمیاییەکان بۆ بەکارهێنانیان لە بەرنامە موشەکییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیدا هەبووە، سزایان بەسەردا سەپێنرا.
ماددە بەکارهێنراوەکان بریتین لە: پێرفلۆرات سۆدیۆم، ئەسیدی سێباسیک و نیترۆسلۆلۆز، کە لە بەرهەمهێنانی سوتەمەنیی موشەک بەکار دەهێنرێن و لە بەرنامە موشەکییەکانی ڕێژیمیش ڕۆڵیان هەیە.
مستەفا ڕۆستەمی سانی، بەرپرسی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای پشکی تایبەتی نێودەوڵەتیی پەردیسان ڕەزوان شەرق، ڕەزا زارعی پوورتەرەقی بەڕێوبەری جێبەجێکاری ئەم کۆمپانیایە و دەڵاڵێکی دیکەش لە پێڕستی گەمارۆکاندان.
لە بەشیکی تری گەمارۆکاندا، کۆمپانیایەکی ڤێنزوئێلایی و بەڕێوبەرەکەی "خوسە خسوس وردانتا گۆنزالێس" بەهۆی بەشداریکردن لە هاوکاریکردنی پەهبادیی نێوان ئێران و ڤێنزوئێلا، کرایە ئامانجی گەمارۆکان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە ئەم کۆمپانیایە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی هەردوو ڕێژیم، لە دروستکردنی پەهباد لە خاکی ڤێنزوئێلادا ڕۆڵی هەبوو.
جان هێرلی، جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، لە پێوەندیی لەگەڵ تیرۆر و هەواڵگری دارایی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە واشنگتۆن درێژە بە هەوڵەکانی بۆ سنوردارکردنی کۆگا سەربازی-پیشەسازییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە سیستەمی دارایی ئەمریکا دەکات.
ئەم سزایانە لەکاتێکدا دەسەپێنرێن کە بارودۆخی ئابووریی ئێران بەرەوڕووی قەیرانی قووڵ، دابەزینی سەرچاوە داراییەکان و ناڕازیبوونی بەربڵاوی گشتی بووەتەوە، کە ئەمەش بەهۆی گوشارە دەرەکییەکان و زیادبوونی گەمارۆکان ڕوی لە زیادبوون کردووە.