کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ بۆ پشتیوانی لە بانگەوازی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی گشتی

00:00 - 18 بەفرانبار 2725

                                                                  

هاونیشتمانیانی بەڕێز!

تێکۆشەران و ئازادیخوازانی ئێران!

 

گۆڕانکارییەکانی ئێستا لە ئێران جارێکی دیکە ئەوەیان سەلماند کە کێشەی سەرەکیی ئەم وڵاتە پێکهاتەیەکی سیاسییە کە لەسەر بنەمای سەرکوت، ناوەندگەرایی و نکۆڵیکردن لە مافی نەتەوەکان دامەزراوە. ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی خەڵکی ستەملێکراوی ئێران و شێوازی بەرەوڕووبوونەوەی توندوتیژانەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتییانە، بەتایبەتی لە کرماشان، ئیلام و لوڕستان، وێنەیەکی ڕوون لە بێتوانایی و نەبوونی ئیرادەی سیاسی لەم سیستمەدا بۆ وەڵامدانەوە بە داواکارییە سەرەتاییە مرۆیی و سیاسییەکانی خەڵک دەخاتە ڕوو.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، وەک هاوپەیمانییەک کە لە هێزە سیاسییەکانی نوێنەری نەتەوە ژێردەستەکان لە ئێران پێکهاتووە، بەیاننامەی هاوبەشی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بەم بابەتە و بانگەوازی ئەوان بۆ مانگرتنی گشتی، بە دەربڕی ئیرادەیەکی هۆشیارانە، بەرپرسانە و ڕیشەدار لە ئەزموونی مێژوویی بەرخۆدان دەزانێت. ئەم هەڵوێستگرتنە، کاردانەوەیەکی سۆزداری نییە بەرامبەر بە ڕووداوەکانی ئەم دواییە، بەڵکوو بەشێکە لە نەریتێکی خەباتگێڕانەی ڕیشەدار بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێژیمێک کە مانەوەی خۆی لەسەر بنەمای سڕینەوە، هەڵاواردن و توندوتیژیی سیستماتیک داناوە.

کوردستان لە چوار دەیەی ڕابردوودا، هەمیشە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتی بووە بەرامبەر بە پێکهاتەی سیاسیی زاڵ لە ئێران؛ پێکهاتەیەک کە نەک تەنیا مافی نەتەوەکان، بەڵکوو بنەما سەرەکییەکانی ئازادی و کەرامەتی مرۆییشی ئینکار کردووە. لەم نێوەندەدا، بەبێ گومان، ڕۆڵی پێشەنگی خەڵکی کوردستان لە داڕشتنی گوتاری بەرخۆدان، چ لە گۆڕەپانی سیاسی و چ لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە و حاشاهەڵنەگر بووە. ئەزموونە کەڵەکەبووەکانی ئەم ناوچەیە، ئەمڕۆ بووەتە سەرمایەیەکی هاوبەش بۆ هەموو نەتەوەکان و هێزە ئازادیخوازەکان لە ئێران.

سەرکوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و مامەڵەی توندوتیژانە لەگەڵ ناڕازییان لە ناوچە جیاوازەکان، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرانسەری جوگرافیای باشووری زاگرۆس، ئەوە دەردەخات کە کۆماری ئیسلامی نە توانای چاکسازیی هەیە و نە ئیرادەیەک بۆ بیستنی دەنگی خەڵک. پەنابردنی بەردەوام بۆ دەستبەسەرکردن، تۆقاندن و توندوتیژیی ڕووت، زیاتر لە هەر شتێک دەربڕی قەیرانی قووڵی شەرعییەت و ترسی ڕێژیمە لە پەرەسەندنی هاوپشتی لەنێوان بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکاندا.

مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان، چالاکییەکی مەدەنی و بەکۆمەڵە لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا؛ چالاکییەک کە لە سنوورە جوگرافییەکان تێدەپەڕێت و دەبێتە بەشێک لە خەباتی هاوبەشی نەتەوەکانی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە ئیستبداد، هەڵاواردن و چڕبوونەوەی دەسەڵات. ئەم هەنگاوە، هاوکات بەرگرییەکی کردەییە لە مافی ناڕەزایەتی، یەکسانیی نەتەوەیی، ئازادییە سیاسییەکان و کەرامەتی مرۆیی.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ داوا لە هەموو هێزە سیاسییە دێموکراتەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکانی سەربەخۆ لە هەموو نەتەوەکانی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات دەکات کە بە پشتیوانیکردن لە مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان، جەخت لەسەر پێویستیی لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتوویی خەباتە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان بکەنەوە. بارودۆخی ئێستا، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە، پێویستی بە هاودەنگی، بەرپرسیارێتی و تێپەڕین لە تێبینییە سنووردارکەرەکان هەیە.

ئێمە بڕوامان وایە کە داهاتووی ئێران تەنیا کاتێک دەتوانێت ئازاد، دادپەروەرانە و مرۆیی بێت کە فرەیی نەتەوەیی و کولتوورییەکەی بەفەرمی بناسرێت و پێکهاتەیەکی سیاسی لەسەر بنەمای یەکسانی، بەشداریکردنی ئازادانە و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی جێگەی سیستمی ئێستا بگرێتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بەربەستی سەرەکیی ئەم گواستنەوەیە و تێپەڕین لێی، مەرجی پێشوەختەی ڕزگاریی هەموو نەتەوە ژێردەستەکانی ئێرانە.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، بە دەنگێکی بەرزەوە هاوپشتیی تەواوی خۆی لەگەڵ خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان و مانگرتنەکەی ڕادەگەیەنێت و لە تەنیشت هەموو ناڕازییان و ئازادیخوازان لە سەرانسەری ئێران دەوەستێت.

 

بژی هاوپشتیی نەتەوەکانی ئێران

بژی ئازادی، یەکسانی و کەرامەتی مرۆیی

 

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ

١٧/١٠/١٤٠٤ی هەتاوی

٧/١/٢٠٢٦ی زایینی