دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا ٢١ تا ٢٢ لەسەدی مووشەکەکانی خۆی لەبەر دەستدا ماوە و توانای سەربازیی ئەم ڕێژیمە بەشێوەی بەرچاو کەم بووەتەوە.
ترامپ لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرنامەی "میت دێ پرێس"ی تۆڕی هەواڵی "ئێنبیسی نیوز" ڕایگەیاند: "ئەوان هێشتا ژمارەیەک مووشەک و دڕۆنیان هەیە، ڕەنگە تەنیا ٢١ یان ٢٢ لەسەدی مووشەکەکانیان مابێتەوە. ئەمە هێشتا ژمارەیەکی زۆرە، بەڵام هەرگیز لەگەڵ ئەو بڕەی کە لە سەرەتای هێرشەکانی ئێمەدا هەیانبوو، بەراورد ناکرێت."
سەرۆککۆماری ئەمریکا لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بە گۆڕانی ڕەفتاری تاران کرد و وتی: "ئەوان بەهێز و لەخۆبایی بوون؛ کارگەلێک هەن کە پێشتر هەرگیز بیریشیان لێ نەدەکردەوە ئەنجامی بدەن، بەڵام ئێستا ناچارن بیکەن. ئەوان هیچ ڕێگەیەکی تریان نییە و ئەم پرۆسەیەش کەمێک کاتی دەوێت."
ترامپ ڕۆژی هەینی لە ویلایەتی "ویسکۆنسێن"یش جارێکی تر باسی لە دۆخی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە بڕیار بوو ئەم وڵاتە ببێتە هێزێکی ناوکیی بەرفراوان، بەڵام ئێمە ڕێگریمان لێ کرد و تا ڕادەیەکی زۆر کارەکەمان یەکلا کردووەتەوە.
ئەو جەختی کردەوە: "کۆتاییهاتنی ئەم دۆخە یان لە ڕێگەی واژۆکردنی پارچە کاغەزێکەوە (ڕێککەوتن) دەبێت، یان بە شێوازێکی قورستر؛ ئەگەرچی دەشکرێت بڵێین شێوازێکی زۆر سادەتر، چونکە ڕێژیمی ئێران هیچ هێزێکی دەریایی بۆ نەماوەتەوە."