کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆککۆماری لوبنان: ئێران وڵاتەکەمان وەک کارتێک بۆ چەنەلێدان بەکار دەهێنێت

10:36 - 16 جۆزەردان 2726

دەستێوەردانە سیاسی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە، کاردانەوەی توندی دەسەڵاتدارانی بەیرووتی لێکەوتووەتەوە.

"جۆزێف عەون"، سەرۆککۆماری لوبنان، لە چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆدا لەگەڵ کەناڵی "CNN"، بە توندی هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی تاران و تۆمەتباری کردن بەوەی کە خاکی لوبنان وەک کارتێک بۆ چەنەلێدان لە دانوستانەکانیاندا لەگەڵ ئەمریکا بەکار دەهێنن.

عەون بەرانبەر بە بەرپرسانی ڕێژیم ڕاگەیاند: "ئەوە وڵاتی ئێوە نییە، وڵاتی ئێمەیە! ئێوە هەوڵ نادەن یارمەتی ئێمە بدەن، بەڵکوو خەڵکی لوبنان باجی بەرژەوەندییەکانی ئێوە دەدات. بەرژەوەندییەکانی ئێمە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئێوەدا ناگونجێت."

ئەم وتانەی عەون دوای ئەوە هات کە سپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە هیچ ئاشتییەک لە ناوچەکەدا جێگیر نابێت مەگەر بە کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە خاکی لوبنان.

ئەم ناکۆکییە قووڵە دیپلۆماسییە هاوکاتە لەگەڵ تێکچوونی زیاتری دۆخی مەیدانی لە لوبنان.

دوای ئەوەی گرووپی حیزبوڵڵا دوایین دەستپێشخەریی و ڕێککەوتنی ئاگربەستی لەگەڵ ئیسرائیل ڕەت کردەوە، ئەرتەشی ئیسرائیل شەپۆلێکی نوێ لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان دەست پێکرد.

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا و لە وڵامی هاویشتنی مووشەک بۆ سەر باکووری ئیسرائیل، ٦٥٠ بنکەی سەربازیی حیزبوڵڵای پێکاوە و ١٢٥ چەکداری ئەو گرووپەی کوشتووە.