دەوڵەتی ئەمریکا ڤیزای بۆ هەر ٢٦ یاریزانی هەڵبژاردەی کۆماری ئیسلامی دەرکرد بۆ بەشداربوون لە جامی جیهانیی ٢٠٢٦، بەڵام داواکاریی ڤیزای "مێهدی تاج"، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێ و فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران و پتر لە ١٢ ئەندامی تیمی پاڵپشتیی ڕەت کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی "نیویۆرک تایمز"، داواکاریی ڤیزای هەر ٢٦ یاریزانەکەی هەڵبژاردەی ئێران پەسند کراوە، بەڵام داواکاریی پتر لە ١٢ کەسی تیمی پاڵپشتی، لەوانەش ڕاهێنەران، مەشقپێکەران، شیکەرەوان و کادری پزیشکی و هەروەها ژمارەیەک لە بەرپرسانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران ڕەت کراوەتەوە."
هاوڕێ لەگەڵ ئەمەدا، کەمپی نیشتەجێبوونی تیمی ئێران کتوپڕ لە ئاریزۆناوە گوازرایەوە بۆ شاری تیخوانا لە مێکزیک.
کلاودیا شینباوم، سەرۆککۆماری مێکزیک ئاشکرای کرد کە ئەم گۆڕانکارییە پاش ئەوە بوو کە ئەمریکا ڕەتی کردەوە میوانداریی کەمپی نیشتەجێبوونی ئێران بکات و فیفا داوای هاوکاریی لەو وڵاتە کرد.
بەپێی بڕیارەکان، تیمی ئێران ناچارە تەنیا دوو ڕۆژ پێش هەر یارییەک بۆ ڕاهێنان و چالاکیی میدیایی بچێتە ئەمریکا و پاشان بگەڕێتەوە مێکزیک.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو ڕێگە بە چوونەژوورەوەی کەسانی سەر بە سپای پاسداران نادرێت.