کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەری حیزبی دیموکرات لە سێمیناری ناساندنی بزووتنەوەی «Faisons Bretagne» لە پاریس

11:40 - 16 جۆزەردان 2726

کانی جەهانگیری، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فەرانسە، بەشداریی لە سێمیناری ناساندنی بزووتنەوەی «Faisons Bretagne» لە شاری پاریس کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، کانی جەهانگیری، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە فەرانسە، لەسەر بانگهێشتی فەرمی بەشداریی لە سێمینارێکدا کرد کە بۆ ناساندنی بزووتنەوەی «Faisons Bretagne» لە شاری پاریس ڕێک خرابوو.

ئەم سێمینارە بە ئامادەبوونی "پۆڵ مۆلاک"، ئەندامی پارلەمانی فەرانسە لە گرووپی LIOT و دامەزرێنەری بزووتنەوەی ناوبراو بەڕێوە چوو. لە بەشێکی ئەم چالاکییەدا، پانێل و گفتوگۆیەکی بەرفراوان سەبارەت بە چەمکەکانی دێموکراسی، دابینکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس، پرسی ناسنامە و پاراستنی زمانە جیاوازەکان و هەروەها بابەتی لامەرکەزییەت و ئۆتۆنۆمی بۆ ناوچە جیاوازەکان بەڕێوە چوو.

لە پەراوێزی ئەم سێمینارەدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ پۆڵ مۆلاک، ئەندامی پارلەمانی فەرانسە و چەندین چالاکوان و کەسایەتیی سیاسیی "برۆتۆن" کۆ بووەوە و بیروڕایان سەبارەت بە پرسی نەتەوە بندەستەکان و خەباتی ڕەوای گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرد.